رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، نرخی یەک بیتکۆین نزیکەی 500 دۆلار دابەزی و هەر بیتکۆینێک بە نزیکەی 62 هەزار و 750 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوای چەند هەفتەیەک، نرخی بیتکۆین گەڕایەوە سەرووی 62,000 دۆلار و وا دەردەکەوێت ئاراستەی بازاڕ بەرەو بەرزبوونەوە گۆڕابێت. لە کاتێکدا بیتکۆین لە زۆربەی رۆژەکانی مانگی حوزەیران (شەش)دا لەژێر فشارێکی قورسی فرۆشتندا بوو، ئێستا خواستی کڕین خەریکە دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لەلایەن کۆمپانیاکان و سندووقەکانی وەبەرهێنانەوە.
کۆمپانیای بلاکڕۆک (BlackRock) کە یەکێکە لە گەورەترین سندووقەکانی وەبەرهێنان لە جیهان، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا زیاتر لە 20,359 بیتکۆینی بە بەهای نزیکەی 1.22 ملیار دۆلار لە رێگەی پلاتفۆرمی "کۆینبەیس"ەوە کڕیوە. هاوکات کۆمپانیاکانی دیکەش بەردەوامن لە زیادکردنی قەبارەی بیتکۆینەکانیان.
ئێستا بیتکۆین بە نزیکەی 62,750 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، کە ئەمەش کەمێک لە خوار هێڵی بەرگریی 62,800 دۆلاردایە. نرخی بیتکۆین پێشتر چەند جارێک هەوڵی داوە لە سەرووی ئەو ئاستە جێگیر بێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە ئەم خاڵە بووەتە ئاستێکی گرنگ بۆ جووڵەی ئێستای نرخ.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، بیتکۆین لە نێوان 59,000 بۆ 63,900 دۆلاردا مامەڵەی پێوە کراوە. شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەگەر بیتکۆین ئاستی 62,800 دۆلار بشکێنێت، ئامانجی داهاتووی 65,000 دۆلار دەبێت. ئێستا ئاستی پاڵپشتی لە 59,000 دۆلاردایە و تاوەکو ئەو کاتەی نرخەکە لەو ئاستە دانەبەزێت، پرۆسەی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین بە ئەگەری زۆرەوە بەردەوام دەبێت.



