رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەنی ئێرانی بە پێچەوانەی دوێنێ بەرزبووەوە؛ دوێنێ نرخی هەر دۆلارێک بە 14,150 تمەن دابەزی و گەیشتبووە 161,500 تمەن، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکەی 12,950 تمەن (واتە 8.02%) بەرزبووەوە و گەیشتە 174,450 تمەن.
لە 24 کاژێری رابردوودا، بەرزترین نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن 176,200 تمەن و نزمترین نرخیش 157,600 تمەن بووە. نرخی ئێستای دۆلار بەراورد بە هەفتەی رابردوو، بەرزبوونەوەی بە رێژەی 0.11% نیشان دەدات و لە شەش مانگی رابردووشدا نزیکەی 27.34% بەرزبووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی (تیجارەت نیوز)، بەهۆی پشووی فەرمیی بازاڕی دراوی تارانەوە، مامەڵەی کاش بە دۆلارەوە نەکراوە و گۆڕانکارییەکان تەنیا پەیوەست بوون بە مامەڵەی ئۆنلاین و ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانەوە ئەنجام دراون. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لە کەناڵەکانی تەلەگرام نرخەکانیان لە دەوروبەری 174 هەزار تمەن بڵاوکردەوە.
بازرگانانی دراو دەڵێن، ئەو نرخەی لە ڕۆژانی پشوودا بە شێوەی ئۆنلاین بڵاودەکرێتەوە، بەهۆی نەبوونی مامەڵەی بەرفراوان و نەبوونی مامەڵەی کاش، ناتوانێت ببێتە بنەمایەکی ورد بۆ شیکردنەوەی ئاراستەی نرخی دۆلار. بە بڕوای ئەوان، دیاریکردنی نرخی راستەقینە تەنیا ئەو کاتە دەکرێت کە بازاڕی فەرمی دەست بە چالاکییەکانی بکاتەوە و قەبارەیەکی گونجاو لە مامەڵەکان ئەنجام بدرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، جێگیربوونی رێژەیی ئەو نرخەی راگەیێندراوە لە دەوروبەری 174 هەزار تمەن، نیشانی دەدات کە بازرگانان هێشتا هیچ ئاماژەیەکی نوێیان بۆ گۆڕینی چاوەڕوانییەکانیان وەرنەگرتووە. بازاڕ هێشتا چاوەڕێی روونبوونەوەی دۆخی دانوستانەکان، چارەنووسی ئازادکردنی سەرچاوە دراوییەکان و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکەیە.



