رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی شەشی کردبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، "هەمیشە داهاتی نێوخۆ تاوەکو کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە."
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "هەڵمەتێکی چەواشەکارانە" بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شاندی هەرێمی کوردستان داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی شەشی کردووە.
وەزارەتی دارایی دەڵێ، "شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی پابەندن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵییەوە کە مووچەی بەدەر کردووە لە هەموو کێشە و بابەتێکی سیاسی و تەکنیکی."
وەزارەتی دارایی سێ خاڵی خستووەتەڕوو و دەڵێ، دوایین شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق تاوتوێیان کردووە و ئەمانەن:
- کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا
- کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان
- کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی کواڵیتی کۆنترۆڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، شاندی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و داهاتی نانەوتییان تاوتوێ کردووە؛ ئاماژە بەوەش کراوە، "شاندەکە داوای کردووە بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی، مامەڵە لەگەڵ داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێ، واتە لە 50%ـی داهاتە نێوخۆییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە."
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی بە پەندێک دەستیپێکردووە کە دەڵێ "پەتی درۆ کورتە" و لە کۆتاییەکەیدا هاتووە، "بەوپێیەی هەمیشە داهات تاوەکو کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە، بە شێوەیەکی ئاساییش راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بەپێی یاسا دەکەوێتە 10 رۆژی مانگی دواترەوە، کە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت، داهات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت، چۆن دەکرێت بەو بیانووە مووچە رابگیرێ و دوابخرێ."


.jpg&w=3840&q=75)
