رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق چەند پڕۆژەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە سووتانی گازی هاوەڵ، زیادکردنی سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر و پشتگیریکردنی ژێرخانی ئابووری رادەگەیێنێت و دەڵێ، ئامانجیانە تاوەکو 6 ساڵی دیکە بگەنە ئاستی "سووتانی سفری گازی هاوەڵ."
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممە، 4ـی تەممووزی 2026 بە رووداوی راگەیاند، "وەزارەت کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکات کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە سووتانی گاز و وەبەرهێنان تێیدا، تاوەکو دەگەینە ئامانجی سووتانی سفری گازی هاوەڵ؛" ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەو مەبەستە پشتبەستن بە نوێترین تەکنەلۆژیا لە بەشە جیاوازەکانی پیشەسازیی نەوت بەردەوامە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، ئێستا چەند پڕۆژەیەکی گەورە لە چوارچێوەی پلانێکی ئامانجدار بۆ وەستانی سووتانی گازی هاوەڵ لە جێبەجێکردندان، لەوانە پڕۆژەکانی گازی بەسرە.
سەبارەت بەو گازەی ئێستا دەسووتێندرێ، سەلیم روکابی گوتی، "وەزارەت بایەخێکی زۆر بەم دۆسیەیە دەدات و پڕۆژەی کێڵگەکانی ناسریە، غەراف، عەکاز و مەنسووریە بۆ وەبەرهێنانی ئەو گازە خراونەتەکار. چاوەڕوان دەکرێ لە ساڵی 2030 بگەینە ئاستی سووتانی سفری گازی هاوەڵ."
28ی کانوونی دووەمی 2026 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق، لە کاتی کردنەوەی کۆنفرانسی وزەی (عێراق 2026) لە بەغدا رایگەیاند، یەدەگی سەلمێنراوی گازی سرووشتیی بۆ نزیکەی 132 ملیۆن پێ سێجا بەرزبووەتەوە و ئێستا عێراق سوود لە 74%ی سامانی گاز وەردەگرێ.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق باسی لەوەش کرد، وەزارەتەکەی دەستی بە پڕۆژەکانی تایبەت بە سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر کردووە، کە پڕۆژەی ئەرتاوی بە توانای 1000 مێگاوات یەکێکیانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، سەلیم روکابی ئاماژەی بە رێککەوتنی عێراق و چین کرد و گوتی، "وەزارەتی نەوت بە تەرخانکردنی داهاتی 150 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشدارە لەو رێککەوتنەدا، بۆ ئەوەی بودجەی پڕۆژەکانی ژێرخان دابین بکرێ."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هاوئاهەنگییەکی ئاستبەرز لەنێوان وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و کارەبا هەیە، بەڵام کێڵگەکانی نەوت ناتوانرێ راستەوخۆ بە وێستگەکانی کارەباوە ببەسترێنەوە، چونکە نەوت پێویستیان بە پڕۆسەی چارەسەرکردن و پاڵاوتنە.
لەبارەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ کارگەکان، سەلیم روکابی گوتی، لە وەرزی هاویندا بەهۆی زۆریی بەکارهێنان، رەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی گاز لە هەندێک کارگە ببڕدرێت؛ ئاشکراشی کرد، هێشتا ناتوانرێت کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێکی هەناردەکاری گاز.

.jpg&w=3840&q=75)
