رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزیرە کوردەکانەوە لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا پرسی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بخاتەڕوو و گۆڕانکاری لە بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بکات.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە کاژێر 08:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، 4ی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی کۆببێتەوە.
یەکێک لە ئامانجەکانی هەرێمی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا دەستکاریکردنی بڕیاری ژمارە 550ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە کە تایبەتە بە ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەفتەی رابردوو فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە وەک وەزیر پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانە سەبارەت بە 120 ملیار دینارەکە؛ بۆیە بۆ هەر دەستکارییەکی ئەو بڕیارە، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی نوێ بدات.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 4ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەواوی هەوڵەکانی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی وەزیری دارایی عێراق ئەو 120 ملیار دینارە لە پارەی نێردراوی مووچەی مووچەخۆران نەبڕێ، چونکە بڕینی ئەو بڕە پارەیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر داهاتی نانەوتی دەبێت کە مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەستی پێ دەدرێ و بڕەکەی 43 ملیار دینارە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوە باڵایە، وەزیری دارایی عێراق لاری لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام دەیەوێ ئەو 120 ملیار دینارە ببڕێ. لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات تەنیا نیوەی ئەو بڕە بدات، چونکە داهاتی ناوخۆ کەمی کردووە و لە توانایدا نییە 120 ملیار دینارەکە بدات.
سەرچاوەکە گوتی، "بۆ ئەم مەبەستە، تەواوی داتا و زانیارییەکان دراونەتە وەزیرە کوردەکان تاوەکو لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، ئەگەر بابەتەکە باس کرا، روونکردنەوەی پێویست بدەن و رێگری لە بڕینی ئەو پارەیە بکەن و گۆڕانکاری لە بڕیارەکە بکرێ".
بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی رۆژی 17ی تەممووزی 2025 دەرچوو. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار بخاتە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی عێراق، وەک مەرجێک دیاریکراو بۆ رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
.jpg&w=3840&q=75)

