رووداو دیجیتاڵ
هەر هاونیشتمانییەک لە فڕۆکەخانەکانی کەرکووک و موسڵەوە گەشتی عومرە بکات، دوو هەزار دۆلاری بە نرخی بانکی ناوەندی پێدەدرێ. گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەو پارەیە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان نادرێ و جیاکاری دەکرێ.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی لە فڕۆکەخانەکەمانەوە گەشتی عومرە دەکەن، دوو هەزار دۆلاریان بە نرخی بانکی ناوەندی پێ دەدرێ".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک گوتی: "رێکارەکە لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەستپێدەکات. ئەو کەسەی گەشتەکە دەکات، لەوێ پارەکەی دادەنێت و لە رۆژی گەشتەکەدا لە فڕۆکەخانە دۆلار وەردەگرێ، بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینار دەدات".
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بانکی ناوەندی دۆلاری دایە هاونیشتمانییان کە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە چوونە سعودیە بۆ حەج، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئامادە نەبووە دۆلار بداتە ئەوانەی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی عومرە دەکەن".
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "هیچ مانایەکی نییە لە فڕۆکەخانەکانی موسڵ و کەرکووک دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی بدرێ و لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی نەدرێ. ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین و ئەرکی نوێنەر و بەرپرسانی کوردیشە لە بەغدا، کە داوا بکەن لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کورستانیشەوە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی بدرێتە عومرەکاران".
بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە رێگەی ئاسمانیی و وشکانییەوە، زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە دەچنە سعودیە.


.jpg&w=3840&q=75)