رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی هەینی زیاتر بەرزبووەوە؛ دوای چوار هەفتەی یەک لە دوای یەک لە دابەزین، دواجار لەسەر ئاستی هەفتانەدا، یەکەم بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.3٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 4174 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئێستا نرخی کانزا زەردەکە بەرزترە لە تێکڕای یەک مانگی رابردووی خۆی و هەفتەی رابردووش بەڕێژەی 2٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستە ئایندەییەکاندا بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئاب، ئۆنسەیەکی بە 4186 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
داتاکانی بازاڕی کاری ئەمریکا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوبوونەوە، ئاشکرایان کرد مانگی رابردوو لەو وڵاتە تەنیا 57 هەزار هەلی کاری نوێ رەخساوە، ئەوەش لە کاتێکدایە پێشبینیدەکرا 110 هەزار هەلی کار دروستبێت.
سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا، ئەو نیگەرانییانەی کەمکردەوە کە رەنگە لە ماوەیەکی کەمدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ یەدەگ) بەرەو بەرزکردنەوەی سوودی بانکی هەنگاو بنێت.
هان تان، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (بایبیت) لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا رەواندەوە."
تاوەکو پێش بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، بازرگانان بەڕێژەی 66٪ پێشبینیی بەرزکردنەوەی سوودی بانکییان لە مانگی ئەیلوولدا دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ 54٪ دابەزیوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکان، بەهای دۆلار گەورەترین دابەزینی هەفتانەی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکرد.
داتاکانی ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ رۆژی پێنجشەممە دەریانخست، بانکە ناوەندییەکان لە مانگی ئایاردا بڕی 41 تۆن زێڕیان بۆ یەدەگەکانیان زیادکردووە.
هان تان دەشڵێت: "چاوەڕوان دەکرێت بانکە ناوەندییەکان لە درێژخایەندا وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی خواست بۆ زێڕ بمێننەوە، هەرچەندە هەندێکیان لەم دواییانەدا بەشێک لە داراییەکانیان بۆ بەرگریکردن لە بەهای دراوەکانیان فرۆشتووە."



