رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکی فەرمی دا کە ئاراستەی وەزیری دارایی عێراقی کردوە، رایدەگەیێنێت، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان 78% دابەزیوە و هۆکارەکانی ئەو دابەزینەش رووندەکاتەوە.
بەپێی نووسراوەکە کە رۆژی 7ی ئایاری 2026 ئاراستەی نووسینگەی وەزیری دارایی عێراق کراوە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بە ئاماژەدان بە نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە 5ی ئایاری 2026 هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیە بۆ کێشە تەکنیکی و کارگێڕییەکان لە دەروازە سنوورییەکان گەڕاندووەتەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە: "دواکەوتن لە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا بازرگانییەکان نەتوانن بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی دراوی بیانی بەدەستبهێنن."
هەر لەو نووسراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی چالاکییە بازرگانییەکان لەو دەروازانە هەبووە.
بانکی ناوەندی لە شیکردنەوەیەکدا بۆ ئاستی هاوردەکردن لە وەرزی یەکەمی ساڵانی 2025 و 2026، دەریدەخات: "دابەزینێکی گەورە لە قەبارەی ئەو کەلوپەل و مادانەدا بینراوە کە لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن."
سەبارەت بە ئاستی زیانە داراییەکان، بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "رێژەی دابەزینی داهاتەکان گەیشتووەتە 78%، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ دابەزینێکی گەورە لە ئاستی داهاتە گشتییەکاندا."



