رووداو دیجیتاڵ
لە دوای "هەڵمەتی بەرەبەیان"ـی حکومەتی عێراقەوە بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی، بەهای دینار ناجێگیرە، ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار گەیشتەوە 155 هەزار دینار.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار بە 154 هەزار و 900 دینارە".
هاوکات رەوز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار بە 155 هەزار دینارە".
حاجی سابیر گوتی: "بەهای دینار لە دوێنێوە ناجێگیرە، ئەمڕۆ بەهاکەی زۆر بەرز بووە و 100 دۆلار دابەزی بۆ 153 هەزار و 600 دینار، بەڵام پێش داخستنی بازاڕ جارێکی دیکە بەشێکی بەهای لەدەستدایەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر هۆکاری دابەزینی بەهای دیناری بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە دوای بەرزبوونەوەی بەهای دینار، خەڵکێکی زۆر رووی لە کڕینی دۆلار کرد و خواست لەسەر دۆلار زۆر بوو، بۆیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی.
بەرەبەیانیی یەکشەممە 28ـی حوزەیران، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەستپاکی و هێزە ئەمنیەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لەنێو ناوچەی سەوز، چەند ناوچەیەکی دیکەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە کرد و ژمارەیەک کەسیان بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی دەستگیرکرد و هەڵمەتەکە بەردەوامە.
پێش "هەڵمەتی بەرەبەیان"ـی حکومەتی عێراق، 100 دۆلار بە 157 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.



.jpg&w=3840&q=75)