رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا، نرخی زێڕ دابەزی. دابەزینی نرخی زێڕ بەهۆی سەرهەڵدانەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەڵاوسان و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ بە دابەزین کرایەوە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانەی دەڵێن ئێران و ئەمریکا رازیبوون بە راگرتنی هێرشەکان و کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆی زیاتر لەم هەفتەیەدا.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 0.8% دابەزی بۆ 4,055 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوو بەڕێژەی 0.7% دابەزی بۆ 4,069 دۆلار.
زێڕ لە هەفتەی رابردوودا نزمترین ئاستی لە ماوەی نزیکەی 8 مانگدا تۆمار کرد، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکان لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەمساڵدا رێژەی سوودی بانکی بەرز دەکاتەوە.
رێککەوتنی ئاشتیی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران یارمەتیدەر بوو لە کەمکردنەوەی هەندێک نیگەرانی سەبارەت بە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەتایبەتی کاتێک نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوودا بە تووندی دابەزی و گەیشتەوە نزیک ئاستەکانی پێش جەنگ.
بەڵام زێڕ هەر لەژێر گوشاری دۆلارێکی بەهێز و سوودی بەرزی قەواڵە داراییەکانی خەزێنەی ئەمریکادا ماوەتەوە. بەپێی رووپێوەکان بازرگانان ئەگەری زیاتر لە 30%یان داناوە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 رێژەی سوود بەرز دەکاتەوە.
داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا و ئاماژە تووندەکانی کۆبوونەوەی ئەم مانگەی بانکی ناوەندی ئەمریکا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی زیاتر کرد.

.jpg&w=3840&q=75)

