رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نییە و تەنیا چاوەڕێی واژۆی وەزیری دارایی عێراقن بۆ خەرجکردنی.
رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزیرانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێی رەزامەندیی وەزیری دارایی عێراقن بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان. لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێکردووە و مووچەی هەرێمیش چ کێشەیەکی نییە."
سەبارەت بەو خاڵانەی کە هێشتا ماون یەکلایی بکرێنەوە، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "تەنیا بابەتی داهاتی نانەوتی هێشتا بە تەواوی دیاری نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکەین لەم هەفتەیەدا بڕیارێکی کۆتایی لەو بارەیەوە بدرێت و رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە دەستپێبکەن."
رۆژی 17ـی حوزەیرانی 2026، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
بۆ مووچەی مانگی ئایار، لە 27ـی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و تاوەکو 29ـی ئایار سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەرگرت.




