رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ بەهای دینار بەرزبووە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 156 هەزار دینارە.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار بە 155 هەزار و 750 دینارە".
هەروەها لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 155 هەزار و 800 دینارە.
دوێنی لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا، 100 دۆلار بە نزیکەی 157 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.
حاجی سابیر گوتی: "هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەو بەرزبوونەوەی بەهای دینار، جگە لەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەمڕۆی عێراق کە ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون".
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەستپاکی و هێزە ئەمنیەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لەنێو ناوچەی سەوز، چەند ناوچەیەکی دیکەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەڕێوەبرد. ئۆپەراسیۆنەکە پەیوەست بووە بە دۆسیەی ''عەدنان جومەیلی''، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەسی دیکە بە تۆمەتی گەندەڵی.



.jpg&w=3840&q=75)