رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایدەگەیێنێت، عێراق و تورکیا لە گفتوگۆدان بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت و تەنیا مانگێک لە وادەی رێککەوتنە کۆنەکە ماوە. ئاشکراشی دەکات، هێشتا هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە ئاسایی نەبووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، سەبارەت بە چارەنووسی رێککەوتنی نەوتیی نێوان عێراق و تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا مانگێک ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی رێککەوتنەکە؛ "ئێستا ئێمە لەگەڵ لایەنی تورکی لە تاوتوێکردنی وردەکارییەکان داین و کار لەسەر رەشنووسی رێککەوتنە نوێیەکە دەکەین."
بە گوێرەی بڕیارێک کە 21ـی تەممووزی 2025 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە 27ـی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی دێت.
لەبارەی ئەگەری نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە پێش تەواوبوونی وادەکەی، عەلی نزار گوتی، "بێگومان، ئەمە ئەوەیە کە عێراق و تورکیا هەوڵی بۆ دەدەن."
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیا بیانییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاریدا سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە نەینەوا و کەرکووک جێگیر بکات، بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە بابەتێکی بەرهەمهێنان و لۆجیستییە. ئێمە چاوەڕێین کۆمپانیاکان ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و زیادکردنی هەناردە نیشان بدەن."
عەلی نزار باسی لەوەش کرد، ئێستا بڕی هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان، "لە نێوان 170 بۆ 180 هەزار بەرمیلدایە و هەندێکجاریش دەگاتە 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
هەناردە لە تەنگەی هورمزەوە
لەبارەی کرانەوەی تەنگەی هورمز و هەناردەکردنەوەی نەوت لەو رێگەیەوە دەڵێت، "هێشتا هەناردەکردن لە هورمزەوە نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی. ئێمە داوامان لە کۆمپانیاکان کردووە کەشتییەکانیان دیاری بکەن بۆ بارکردنی ئەو بڕە نەوتەی کە گرێبەست لەسەری کراوە بۆ فرۆشتنیان."، دەشڵێت ئەوان "ئامادەیی تەواو"یان هەیە بۆ هەناردەکردنی هەموو ئەو بڕە نەوتەی کڕیارەکان داوای دەکەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە عەلی نزار بۆ رووداوی خستەڕوو، لەم مانگەدا تاوەکو ئێستا، "زیاتر لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە کراوە."
هەناردە بۆ سووریا؛ "هێشتا نەوتی خاو نەنێردراوە"
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ سووریا لەڕێگەی تانکەرەوە، عەلی نزار روونیکردەوە، "ئەوەی ئێستا بۆ سووریا دەنێردرێت تەنیا نەوتی رەشە. سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو، هێشتا رێککەوتنەکە تەواو نەبووە و چاوەڕێی کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان دەکەین لەگەڵ سووریا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی."
.jpg&w=3840&q=75)



.webp&w=3840&q=75)