رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشی نوێی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر سعودیە و هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان، نرخی نەوت رۆژی سێشەممە بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، رۆژی سێشەممە بەڕێژەی 1.25٪ بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 107 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەڕێژەی 1.27٪ بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی بە 102 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سعودیە، بۆریی رۆژائاوا - رۆژهەڵاتی داخست دوای ئەوە بووە ئامانجی هێرشی درۆنی کە لە عێراقەوە بۆ سەر ئەو بۆڕییە هەستیارە ئەنجامدرا. بەتایبەتی لەم کاتەدا کە بازاڕی نەوت لەڕووی خستنەڕووەوە تووشی کێشەی زۆر بووەتەوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز لە ئەنجامی هێرشی نوێی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە 13 کەسی سڤیل بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە، ئێران رایگەیاندووە، درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکای لە تەنگەی هورمز خستووەتە خوارەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەمریکا دەتوانێت درێژە بە هێرشەکانی لە دژی ئێران بدات و دەست بەسەر نەوتەکەیدا بگرێت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بانگەشەیەکی سوپای پاسدارانی ئێرانی "بەدرۆخستەوە" کە گوتبووی کەشتیی نەوتهەڵگری (ئێل گایا) کە ئاڵای پانامای لەسەرە، لە تەنگەی هورمز بە مینێکی دەریایی کەوتووە.
سێنتکۆم رایگەیاند، "مانگی رابردوو کەشتیی نەوتهەڵگری (ئێل گایا) کە ئاڵای پانامای لەسەرە، بە مووشەکێکی ئێرانی پێکرا و لە کارکەوت."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەم بانگەشە درۆینەی سوپای پاسداران، نموونەیەکی دیکەی درۆ و هەوڵەکانیانە بۆ تۆقاندن و ترساندن، لە کاتێکدا هەوڵ دەدەن رێگری لە کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەکەدا بکەن."
کۆمال سری کومار، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی (سری کۆماڵ گڵۆباڵ) لەبارەی بازاڕی نەوتەوە دەڵێت، "بەهۆی هێرشکردنە سەر هێڵەکانی بۆریی نەوت و داخستنی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات- رۆژئاوای سعودیە، رێژەی هەڵاوسان بەرزدەبێتەوە."
تیم وۆتێرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەرر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە دەڵێت، "بازرگانانی نەوت مامەڵە لەگەڵ هەموو هێرشێکی نوێ یان لێدانی ژێرخانەکان دەکەن وەک مەترسییەکی کەڵەکەبوو لەسەر دابینکردنی نەوت، لە هەمان کاتدا بە هەستیارییەوە چاودێریی هەر ئاماژەیەک دەکەن کە ئایا گواستنەوە لە رێگەی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات- رۆژئاوا یان تەنگەی هورمزدا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت یان نا."
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا دابەزی بۆ کەمتر لە 10 کەشتی لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا هەفتەی پێشووتر رۆژانە 14 کەشتی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون.



