حکومەتی عێراق رێککەوتن لەسەر ئەسیکۆدا بە هەنگاوێک بۆ خێراکردنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەزانێ، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر ناردنی مووچەی هەموو مانگەکان و رێککەوتن لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا ناردنی مووچە خێراتر دەکات.
سیستمی ئەسیکۆدا تایبەتە بە گومرگەکان کە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانن، یەکێک لە مەرجەکانی بەغداش بۆ ناردنی پارەی مووچە ناردنی داهاتی نانەوتییە.
سەرچاوەی پارەی مووچە تەنیا داهاتی نانەوتی نییە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە زاری سەرۆک وەزیرانەوە بەڵێنیدا، "عێراق سەرجەم گەرەنتییەکان دەستەبەر دەکات بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کاری ئەو کۆمپانیاکان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان".
باسی لەوەشكرد، ئەو گرەنتییە "لەپێناو پاڵپشتیی زیاتر بۆ گەنجینەی دارایی فیدراڵ؛ لەبەر ئەوەی ئەم دۆسیەیە پەیوەندی بە مووچەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و هەموو ئەو داهاتانەی نەوت لە بەرژەوەندیی گەلی عێراقدایە، بەتایبەت گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان".
هاوکات، سەلیم روکابی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی گوت،پلانیان هەیە هەناردەکردن لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا زیاد بکەن.
بە زیادکردنی هەناردەی نەوت، عێراق دەیەوێت قەرەبووی ئەو زیانە بکاتەوە کە بەهۆی راگرتن و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت تووشی ئابوورییەکەی بووە کە وەکو ئیکۆ عێراق ئاشكرایکردووە، داخستنی تەنگەی هورمز 37.7 ملیار دۆلار زیانی لە هەناردەی نەوتی عێراق داوە.


