بەغدا چاوی لە دەرگای ئەنقەرەیە تاوەکو گرێبەستی هەناردەی نەوت نوێ بکەنەوە
لە 27ی تەممووزی 2026ـەوە، رێککەوتنی تایبەت بە نەوتی نێوان عێراق و تورکیا کۆتایی دێ.
رۆژی 21ی تەممووزی 2025، لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڕیارێکی سەرۆکایەتی بڵاوکرایەوە کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە واژۆ کرابوو. بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو رێککەوتننامەیەی ساڵی 1973 لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا و ساڵی 1975 چووە واری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ تەواوی پرۆتۆکۆڵ و یاداشتەکانی، لە رۆژی 27ی تەممووزی 2026 کۆتایی دێت.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، "عێراق و تورکیا لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ. حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت بایەخێکی زۆر بەم پرسە دەدەن و لیژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی وەزیری نەوت و ئەندامێتیی بەڕێوەبەرە گشتییەکان پێکهێندراوە. تاوەکو ئێستا چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی تورکیا کراوە و گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رەشنووسی کۆتایی رێککەوتنەکە بەردەوامن."
تورکیا لە خواستەکەی عێراق بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە تێدەگات، بۆیە دەیەوێت چەند خواستێکی خۆی جێبەجێ بکات.
خواستی تورکیا لە پرۆژەی هاوبەشی وزەوە دەستپێدەکات، تاوەکو دەگاتە زیادکردنی کرێی گواستنەوە و بەستنەوەی بە رێگەی گەشەوە، بۆیە هەموو ئەوانە وایکردووە، چەند سیناریۆیەک چاوەڕوانی داهاتووی رێککەوتنەکە بکەن.


