رووداو-هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی بڕیاریداوە بە قەدەخەکردنی هەناردەی بەرهەمی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان. چاودێری بازرگانیی سلێمانیش دەڵێت، قەدەخەکە شارەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق ناگرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-5-2022، سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی نووسراوی ژمارە 4849 کە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان لە 21-6-2022 ناردوویەتی، ئاگادارکراونەتەوە کە هیچ خۆراکێک کە لە نێوخۆدا بەرهەمدێت هەناردە نەکرێت، تەنیا رێگە بەو خۆراکانە بدرێت کە بە ترانزێت هێنراون، ئەو بابەتە پارێزگاکانی عێراق ناگرێتەوە جگە لە گەنم."
بە گوتەی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، بەشێک لە بازرگانەکان کاتێک بەرهەمەکانیان لە ناوخۆ فرۆشی نابێت یاخود پارەیەکی کەمتر دەکات هەناردەی دەکەن، لەڕێگەی ئەو بڕیارەش رێگری لەو دیاردەیە دەکرێت.
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "کاتێک پێداویستییە خۆراکییەکان هەناردە کران، نرخیان لە ناوخۆ بەرزبووەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکەی رێگریمان لە هەناردەکردن کرد." گوتیشی: "بڕیارەکە پارێزگاکانی عێراق ناگرێتەوە، بەڵام بۆ گەنم رێگە نادەین هەناردەی پارێزگاکانی عێراقیش بکرێت."
بە گوتەی سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، ئەو بڕیارە رۆڵێکی باشی لە ساخکردنەوەی خۆراکی خۆماڵی هەبووە.




