رووداو دیجیتاڵ
کەمبارانی، گلدانەوەی ئاوی رووباری سیروان لەلایەن ئێران و خراپیی کارگێڕی، رێژەی پێوانەییان لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوی دەربەندیخان تۆمارکردووە. ئێستا لە کۆی سێ تۆرباینی بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا تۆرباینێک بە کەمتر لە توانای خۆی کار دەکات و هەروەها کاژێرەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش کەمکراونەتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکان لە بەنداوی دەربەندیخان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ تۆرباینێک حەوت کاژێر کاری کردووە و لە هەر کاژێرێکدا 60 مێگاوات کارەبای بەرهەمهێناوە.
لە وێستگەی کارەبای دەربەندیخان، ساڵی رابردوو لەم کاتەدا دوو بزوێنەر 16 کاژێر کاریان دەکرد، بڕی دوو هەزار و 656 مێگاوات کارەبایان بەرهەمهێناوە، ئێستا کەمبوونەوەی ئاو وایکردووە تەنیا بزوێنەری ژمارە سێ رۆژانە حەوت کاژێر کاربکات و 420 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت.
بەختیار تۆفیق، فەرمانبەری وێستگەی کارەبای دەربەندیخانە و ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی رابردوو لەم کاتانەدا بەردەوام دوو تۆرباین لە کاردا بوون، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو ئەمساڵ تەنیا یەک تۆرباین کارپێدەکەین. بۆ کارپێکردنی تۆرباینەکەش پەیوەندی بە ناوەندەوە دەکەن لە هەولێر و ئەوان کاژێرەکانیان بۆ دادەنێن.
وێستگەی کارەبای دەربەندیخان سێ بزوێنەری هەن کە بە هێزی ئاو دەسووڕێنەوە و هەریەکە و لە توانایدایە 83 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت.
هیچ ساڵێک بە ئەندازەی ساڵی 2021 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دەربەندیخان بێدەنگ نەبووە، ئەوەش بەهۆی کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کارکردنی تۆرباینەکانی. هاوکات وێستگەی ژمارە یەکی لە مانگی ئابی ساڵی 2020ـەوە وەستاوە و تاوەکو ئێستاش هیچ بودجەیەکی بۆ خەرج نەکراوە بۆ ئەوەی بەگەڕبخرێتەوە.
فارووق عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەشپێکردن لە وێستگەی کارەبای دەربەندیخان ئاماژەی بەوەکرد، گەورەترین گرفتی وێستگەی کارەبای دەربەندیخان "نەبوونی حیسابات و بودجەی تایبەت بە وێستگەیە." ئەو دەشڵێت، ئەگەر نزیکەی دوو ملیار دینار بۆ وێستگەکە خەرجبکرێت، کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی بەنداوی دەربەندیخان، لە ساڵی 2017 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دەربەندیخان 583 هەزار و 445 مێگاوات کارەبای بەرهەمهێناوە، لە ساڵی 2018ـەشدا 670 هەزار و 290 مێگاوات، لە ساڵی 2019 زۆرترین بووە بەراورد بە ساڵەکانی پێش و دوای خۆی و یەک ملیۆن و 299 هەزار و 385 مێگاواتی بەرهەمهێناوە، لە ساڵی 2020دا، 510 هەزار و 650 مێگاوات و لە سێ مانگی ئەمساڵدا، 62 هەزار و 997 مێگاواتی بەرهەمهێناوە.
ئەو کاتەی ئاو لەسەر دەرگەکانی ئینتەیکی بەنداوەکەوە سەرڕێژ دەکات، بەرزی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان 103 مەترە، بەڵام ئێستا بەرزیی ئاو تێیدا 80 مەترە. بەنداوەکە سێ توونێلی ئاوی هەن، هەر توونێلە و تۆرباینێکی بەرهەمهێنانی کارەبای لەسەر پەیوەستکراوە، ئەگەر تەنیا 30 مەتری دیکە ئاستی ئاو داببەزێت، ئەوا وێستگەی کە لە بەرهەمهێنانی کارەبا دەوەستێت.


.jpg&w=3840&q=75)
