رووداو دیجیتاڵ
له ماوه‌ی كه‌متر له هه‌فته‌یه‌کدا ره‌نجی دوو ساڵی رابردووی هیوا قادر به‌فیڕۆچوو و زیاتر له 100 مریشكی لێ مردن. هیوا هێشتا نازانێت هۆكاری مردنی به كۆمه‌ڵی مریشكه‌كانی چییه، به‌ڵام دڵنیایه له‌وه‌ی به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می و خزمهتنەکردنیان نه‌بووه و دەڵێت مردنی كتوپری مریشكه‌كانی به‌هۆی ڤایرۆسه‌وه بووه.
ماوه چه‌ند مانگێکە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی له سنووری گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری هەولێر به‌تایبه‌تی ده‌شتی قه‌راج، كه‌ندێناوه، به‌ڕانه‌تی و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه بڵاوبووەتەوە، بەو هۆیه‌وه به هه‌زاران مریشك و په‌له‌وه‌ری جووتیارانی ئه‌م ناوچانه مردوون و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی ڤێتێرنەریی هه‌ولێریش ده‌ڵێت: "ئه‌م ڤایرۆسه له مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو بڵاوبووەتەوە و، ئێستا به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چێت".
هیوا قادر حه‌یده‌ر، دانیشووی گوندی باغه‌مره‌ی ئه‌فه‌ندییه له شاری هه‌ولێر، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی له‌نێو مریشكه‌كانی له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا، ته‌واوی مریشكه‌كانی مردن.
هیوا قادر ده‌ڵێت: "ڤایرۆسه‌كه زۆر به‌هێز بوو، مریشکەکان ئێوارە ساخ بوون، بەیانی به ده‌یانیان له شوێنی خۆیان مرداردەبوونهوه، له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا زیاتر له 100 مریشك و ژماره‌یه‌ك چین و ماچینم لێ مردن. قاز و مراوییهكانیشم تووش بوون، به‌ڵام خێرا فریایان كه‌وتم هه‌ندێكیانم سەربڕی و هه‌ندێكیشم لێ فرۆشتن".
هیوا مریشكه‌كانی له‌نێو حه‌سارێكی گه‌وره‌ی ته‌نیشت ماڵه‌كه‌ی به‌خێوده‌كرد، بۆ پارێزگاری له تووشبوونیان بە نه‌خۆشی، هه‌ر سێ مانگ جارێك ده‌رمان و پێكوته‌ی بە مریشكه‌كانی ده‌دا و مریشكه‌كانی تێكه‌ڵ به مریشكی گونده‌كه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام دواجار نه‌یتوانی له نهخۆشییهکە بیانپارێزێت.
هیوا دوای مردنی مریشكه‌كانی سه‌ردانی هیچ پزیشك و بنكه‌یه‌كی ڤێتێرنەری ناوچه‌كه‌ی نه‌كردووه، بۆیه تائێستا بۆی رووننهبووەتهوه هۆكاری مردنی مریشكه‌كانی چییه.
هیوا ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی مریشكهكانم دوای مردنیش هیچ نیشانەیه‌كیان پێوه دیار نه‌بوو، ته‌نیا چه‌ند دانه‌یه‌كیان نه‌بێت سه‌ریان ئه‌ستوور ببوو و لیكیان له ده‌م ده‌هاته خواره‌وه".
بەگوتەی هیوا لەو ماوەیەدا زۆربەی پەلەوەرەکانی گوندەکەی ئەوان و دەوروبەریان تووشی هەمان دەرد بوون و لەنێوچوون.
دكتۆر سه‌ردار محه‌ممه‌د حه‌مه‌دئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری مه‌خموور ، به رووداوی گوت: "ئه‌م شه‌پۆله ڤایرۆسییه له مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو ده‌ستی پێكرد، شه‌پۆله‌كه سه‌ره‌تا زۆر به‌هێز بوو، بۆیه جگه له مریشك و په‌له‌وه‌ری گونده‌كان، زیانی زۆری گه‌وره‌ی به كێڵگه‌كانی گۆشتیش به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی مه‌خموور و بارزان و هه‌ندێ ناوچه دیكه گه‌یاند".
دكتۆر سه‌ردار، کە پزیشکی ڤێتێرنەرییە و خاوه‌نی كێڵگه‌یه‌كی به‌خێوكردنی مریشكی گۆشته له هه‌ولێر، نموونه به كێڵگه‌كه‌ی خۆی ده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت: "له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو كێڵگەکەم 30 هه‌زار مریشكی تێدابوو تووشی نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی بوون، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا 25 هه‌زار مریشک لەنێوچوون".
هەرچەندە دکتۆر سەردار هۆڵەکانی بە پاککەرەوە و دژە ڤایرۆس رشاندووە، بەڵام هێشتا بەتاڵن، چونکە بە گوتەی خۆی ئه‌م ڤایرۆسه 43 رۆژی پێویسته تاوه‌كو چالاکی كه‌مده‌بێته‌وه و سێ مانگیشی پێویسته بۆ ئەوەی به ته‌واوی پاكببێتەوە.
دكتۆر سه‌ردار پێیوایه هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه‌كان له په‌له‌وه‌ری گونده‌كان و كێڵگه‌كان زۆرن، به‌شێكی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی زانستی مریشك بهخێوناكهن، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكیشه هه‌ڵمه‌تی كوتانی په‌له‌وه‌ر له‌لایه‌ن بنكه‌كانی ڤێتێرنەری نه‌ماوه، جگه له‌وه‌ش په‌له‌وه‌رێكی زۆر به قاچاخ له ئێران هاورده ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و ڤاكسینانهشی له بازاڕ هه‌ن به قاچاخ هاورده‌كراون، بۆیه وه‌ك پێویست چالاك نین بۆ دروستكردنی به‌رگری بۆ نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه‌كان.
دكتۆر سه‌ردار به‌هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی نۆرینگه‌ی ڤێتێرنهریشه، بۆیه له نزیكه‌وه ئاگاداری زیانی بڵاوبوونه‌وەی نه‌خۆشییه ڤایرۆسییهكهیه له گونده‌كانی هه‌ولێر و ده‌ڵێت: "ئه‌م شه‌پۆڵه ڤایرۆسییه زیانی زۆر گه‌وره‌ی بە په‌له‌وه‌ری گونده‌كان به تایبه‌ت مریشك، قەل، كۆتر و قاز گه‌یاند، به جۆرێك ده‌توانم بڵێم به رێژه‌ی 70%ی مریشك و په‌له‌وه‌ری گونده‌كانی دەوروبەری هه‌ولێری له‌ناوبرد ".
نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه‌كانی په‌له‌وه‌ر زۆرن، به‌ڵام دوو نه‌خۆشیی زۆر كوشنده هه‌ن ئه‌وانیش ئه‌نفله‌وه‌نزای باڵنده و نیوكاسڵن، كه رێژه‌ی مردن به‌هۆیانه‌وه زۆر به‌رزه، هه‌ندێکجار ده‌گاته 100%. به‌هۆی روودانی گۆڕانی زنجیرەیی ڤایرۆسه‌كان زۆرجار پێكوته و ڤاكسینه‌كان ناتوانن كۆنتڕۆڵی ته‌واوی نه‌خۆشییه‌كه بكه‌ن و بۆیه زیانی زۆر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
دكتۆر سه‌ردار ده‌ڵێت هه‌ندێجار خاوه‌ن پرۆژه‌كان هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیییه ڤایرۆسییهكانن، چونكه كاتێك نه‌خۆشییه‌ك بڵاوده‌بێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا به‌هۆی قه‌یرانی دارایی قه‌ره‌بوو ناکرێنەوە، بۆیه زانیارییه‌كان له بنكه ڤێتێرنەرییهكان ده‌شارنه‌وه، زۆر جاریش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانهكانهكانیان به‌شێك له مریشكه‌كانیان لە بازاڕ ده‌فرۆشن و ده‌بنه‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان به‌تایبه‌تیش نه‌خۆشی نیوكاسڵ، كه هۆكاری سه‌ره‌كی مردنی زۆربه‌ی مریشكی گونده‌كانه.
پێشتر وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ساڵانه بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ كڕینی ڤاكسینه‌كان دابین ده‌كرد و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنەریی پارێزگاكانیش ساڵانه له‌هه‌ردوو وه‌رزی پایز و به‌هاردا هه‌ڵمه‌تی كوتانیان بۆ په‌له‌وه‌ری گونده‌كان دەستپێدەکرد، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایییەوە ئێستا ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه له هه‌ندێک شوێن نه‌ماون یان زۆر سنوورداره.
دكتۆر مامه‌ند محه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ریی پارێزگای هه‌ولێر، ده‌ڵێت: "ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه رۆڵی كاریگه‌ریان بۆ پارێزگاری له په‌له‌وه‌ری گوند و كێڵگه‌كان هه‌بوو، چونكه بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ به‌رگری بۆ په‌له‌وه‌ره‌كان دژی نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه‌كان دروستده‌كرد، به‌ڵام زیاتر له چوار ساڵه به‌هۆی قه‌یرانی دارایی هەڵمەتەکان راگیراون، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆس له‌ناو مریشك و په‌له‌وه‌ری گونده‌كاندا هه‌بووه".
نه‌مانی هەڵمەتەکانی كوتان زیانی زۆری به‌م سامانه نیشتمانییه گه‌یاندووه، جۆرێك دووركه‌وتنه‌وه‌ی له نێوان بنكه‌كانی ڤێتێرنەری و خه‌ڵك لێكه‌وتووته‌وه، ئێستا خه‌ڵك و پرۆژه‌كان له بازاڕ ڤاكسینه‌كان ده‌كڕن و پشكنین بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كان ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر داواكاری تایبه‌ت نه‌بێت تاقیگه‌ی ڤێتێرنه‌ری پشكنین بۆ دەستنیشانکردنی نه‌خۆشییه‌كان ناكه‌ن.
دكتۆر مامه‌ند محه‌ممه‌د، ده‌ڵێت: "به‌پێی به‌دواداچوون بۆمان ده‌ركه‌وتووه ئه‌م شه‌پۆله ڤایرۆسییهی كه له مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو ده‌ستیپێكردووه زیانی گه‌وره‌ی به مریشك و په‌له‌وه‌ری زۆربه‌ی گونده‌كانی هه‌ولێر گه‌یاندووه، ته‌نانه‌ت زیانی بۆ ژماره‌یه‌ك کێڵگەی گۆشت و مریشكی هێلكهكهریش هەبووە، هۆكاری زۆربه‌ی مردنه‌كانیش نه‌خۆشی نیوكاسڵ بوو".
ئه‌م به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ، پێیوایە ئه‌م ڤایرۆسه به‌هۆی هێنانی جوجه‌ڵه، هێلكه، مریشك و په‌له‌وه‌ری به قاچاخهێنراوی ئێرانه‌وه گوازرابێته‌وه بۆ مریشكی گونده‌كانی هه‌ولێر.
به‌پێی زانیارییەکانی رووداو له گونده‌كانی پارێزگای سلێمانی و دهۆكیش هاوشێوه‌ی هه‌ولێر مردنی مریشك له گونده‌كان هه‌بووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئاگاداری بنكه ڤێتێرنەرییهكان ناكه‌نه‌وه و ئه‌وانیش بودجه‌یان نییه بۆ گه‌ڕان و پشكنین، بۆیه وه‌ك هه‌ولێر ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بووه.
دكتۆر ئاری سه‌ڵاحه‌ددین، به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری پارێزگای سلێمانی، ده‌ڵێت: "مردنی مریشك و په‌له‌وه‌ر به‌هۆی نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه‌كان له سنووری گونده‌كانی سلێمانیش له‌وانه‌یه هه‌بووبێت، به‌ڵام به‌ربڵاو نه‌بووه، كه ببێته هۆی مردنی رێژه‌یه‌كی زۆر له مریشكی گونده‌كان".
ساڵی 2006 بۆ یه‌كه‌مجار چه‌ند حاڵه‌تێكی ئه‌نفله‌وه‌نزای باڵنده له هه‌رێمی كوردستان تۆمارکرا، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كه زیاتر له نیو ملیۆن په‌له‌وه‌ری خۆماڵی له‌نێوبران، به‌ڵام شێوازی له‌نێوبردنی پهلهوەرهكان ناڕه‌زایی لێكهوتهوه ، بۆیه وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌پشتبه‌ستن به رێنماییه‌كانی رێكخراوی جیهانی ته‌ندروستیی ئاژه‌ڵ، رێنمایی تایبه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه دەرکرد.
به‌پێی رێنماییه‌كان، له‌هه‌ر شوێنێك ئه‌نفله‌وه‌نزای باڵنده بڵاوببێتەوە، ئه‌و شوێنه ده‌كرێته چه‌قی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كه، دوو زۆنی سێ کیلۆمەتری و 10 کیلۆ مەتری بە ده‌وری ناوچه‌كەدا دروست ده‌كرێت، له زۆنی یه‌كه‌مدا هه‌موو په‌له‌وه‌رێك (تووشبوو و تووشنه‌بوو) له‌ناوده‌برێت، دواتر ناوچه‌كه ده‌ڕشێندرێت و بۆ ماوه‌ی 21 رۆژیش هاتووچۆ له ناوچه‌كه قه‌ده‌خه ده‌كرێت و پاشان پشكنین بۆ زۆنی دووه‌م ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشییه‌كه هه‌بێت كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت.
دكتۆر فه‌ریدوون محه‌ممه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: "تائێستا هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌نفله‌وه‌نزای باڵنده له هه‌رێمی كورستان تۆمار نه‌كراوه، به‌ڵام به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌نفله‌وه‌نزای باڵنده له ئێران و عێراق تیمه‌كانمان له ئاماده‌باشیدان".

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)