رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکدا لە بەریتانیا پۆلیس بە رێکەوت زاوایەکی مەلا کرێکار دەستگیر دەکات. ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە ئیتاڵیا حوکم دراوە و لێی قەدەخەکراوە بچێتە نێو خاکی بەریتانیا.
پۆلیسی بەریتانیا وێنەی زانا عەبدولرەحمان رەحیمی بڵاوکردەوە، کە دەڵێن تەمەنی 43 ساڵە و زاوای نەجمەدین فەرەج ئەحمەد (ناسراو بە مەلا کرێکار)ە، کە ئێستا لە ئیتاڵیا لە زیندانە.
ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە بەریتانیا ژیاوە و دوای ئەوەی مەلا کرێکار لە ساڵی 2012ەوە لە نەرویج کێشەی یاسایی بۆ دروستکرا و دەستگیرکرا، زۆرتر وەک گوتەبێژی ئەو دەردەکەوت. بەڵام لە ساڵی 2015، لە شاری دێربی دەستگیرکرا و بە تۆمەتی (تیرۆر) رادەستی ئیتاڵیا کرا.
ئەوکات زانا تۆمەتی تیرۆری رەتکردەوە و هەوڵی دا لە رێگەی دادگای بەریتانییەوە رێگە لە رادەستکردنی بە ئیتاڵیا بکات، بەڵام هەر رادەستکرا و لەوێ بە 7 ساڵ و 6 مانگ زیندان حوکم درا. دواتر لە ساڵی 2020، مەلا کرێکاریش لە نەرویجەوە رادەستی ئیتاڵیا کرا و لەوێ بە 12 ساڵ زیندان حوکم درا.
دەستگیرکردنەوەی زانا عەبدولرەحمان لە بەریتانیا رووداوێکی سەیر بووە. ئەو هاووڵاتییە هەرچەندە لەکاتی رادەستکردنی بە ئیتاڵیا لێی قەدەخە کرابوو جارێکی دیکە بچێتە نێو بەریتانیا، بەڵام بە قاچاخ و لە رێگەی فەرەنساوە جارێکی دیکە چووەتەوە بەریتانیا.
پۆلیسی ناوچەی (وێست یۆرکشایەر) ئۆتۆمبێلێک دەبینن کە گڵۆپێکی ئیش ناکات و ئەمەش بەپێی یاسا ئەورووپییەکان رێگەپێدراو نییە. بۆیە پۆلیس ئۆتۆمبێلەکە رادەگرێ. شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە زانا عەبدولرەحمانە! پۆلیس پشکنین (یان باکگراوندچێکێک) دەکات بۆئەوەی بزانێ ئەو شۆفێرە کێیە و بەوەدا دەیناسنەوە.
ئێستا زانا گیراوە و وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیاش رایگەیاندووە، دیپۆرتی دەکاتەوە و جارێکی دیکە ناهێڵن بچێتەوە بەریتانیا.
ئەم رووداوە وایکردووە ئۆپۆزیسیۆنی بەریتانی خەنجەری رەخنەکانیان لە حکومەتی ئێستا تیژتر بکەن. ئەوان حکومەت بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هێشتا نەیتوانیوە سنوورەکان بەشێوەیەک بپارێزێ کە کەسانێک کە چوونە نێو بەریتانیایان لێ قەدەخەکراوە، جارێکی دیکە نەتوانن بچنەوە ئەو وڵاتە.



