رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە شای هۆڵەندا بۆ یەکەمینجار لە ژیانیدا وەک شای ئەو وڵاتە سەردانی کەمپێکی پەنابەرانی کرد و لەوێ پەناخوازێکی عێراق داواکارییەکی سەیری لێکرد.
شا ویڵم ئەلێکساندر لە کەمپێک لە شارۆچکەی لیرسووم لە نێوەڕاستی هۆڵەندا چووە کەمپێکی پەنابەران. لەوێ بە چەپڵە پێشوازی لێکرا و هەندێک کەسیش سێڵفییان لەگەڵ گرت.
بەڵام ئەوەی باڵکێش بوو نامەی کچێکی تەمەن یازدە ساڵان بوو بەناوی لاڤانیا کە پێی گوتووە: خاوەنشکۆ، ئەم نامەیەت دەدەمێ بۆئەوەی دوایی لە ئۆفیسەکەت بیخوێنیتەوە.
نێوەڕۆکی نامەکە داواکاری کچە یازدە ساڵەکەیە لە شای هۆڵەندا، بۆئەوەی دایکوباوکی لە عێراقەوە بباتە هۆڵەندا، چونکە وەک خۆی دەڵێت، وا بۆ سێ ساڵ دەچێ نەیبینیون.
ئەم داواکارییە سەیرە، چونکە هەرچەندە ویڵم ئەلێکساندر لە هۆڵەندا شایە و بەپێی تێگەیشتنی ئێمەی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێ، شا لە وڵاتەکەیدا هەموو شتێکی پێ دەکرێ و لەدەستدێت. بەڵام لە سیستمی دیموکراسیی ئەورووپیدا هەموو کەس، تەنانەت شاش، بەرامبەر یاسا یەکسانە. دۆسێی پەنابەریی کەس لەسەر بڕیار و دەستوەردانی شایەک یەکلایی نابێتەوە.
ئەگەر شا ئەمە بکات، سەرئێشەیەکی گەورە بۆ خۆی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی و رای گشتیشدا دروست دەکات. بۆیەش شای هۆڵەندا تەنیا سەری بۆ کچەکە عێراقییەکە راوەشاندووە و پێدەچێ دڵی نەهاتبێ پێی بڵێ: ئەم شایەی دەیبینی ئەو شا کولفیکولە نییە کە لەسەرووی یاساوە بێ!


