رووداو دیجیتاڵ
ئەوانەی بەدوای چیرۆکی نوێ و نەزانراوی کوردی و نهێنییەکانی نێو شاخەکانی کوردستاندا دەگەڕێن، هەمیشە هەر خۆمان نین. لە دنیادا کەسی وا هەن کە لە کورد بەپەرۆشترن بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکی ئەو گەلەی دەڵێ، "تەنیا چیاکان هاوڕێمانن."
فرێدا چانگات، یەکێکە لەو دۆستانەی کوردستان. ئەو خانمە رۆژنامەڤانە فینلاندی و فلیپینییە لەنێو دیاسپۆرای کوردستانیدا لە فینلاند زۆر خۆشەویستە و پێیدەڵێن "فارگۆ."
بەرنامەی ئەمجارەی دیاسپۆرا گفتوگۆیەکی لەگەڵ چانگات هەبووە، تێیدا باسی کتێبە نوێیە بنکۆڵکارییەکەی لەسەر کوردستان دەکات کە 11 ساڵ کاری لەسەر کردووە.
رووداو: کارەکەت زۆر ئیلهامبەخشە. چی وایلێکردی 11 ساڵی ژیانت بۆ نووسینی کتێبێک لەسەر کورد تەرخان بکەی؟
فرێدا چانگات: بابەتەکە بە ئیلهاموەرگرتن لەو کەسانە دەستیپێکرد کە لە فینلەند ناسیمن، بەتایبەتی ئەو پەنابەرانەی روویان لێرە کرد. لە کەسێکەوە دەستیپێکرد، دواتر چیرۆکەکانیانم زانی، ئینجا دۆخیان، وڵاتەکەیان و نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتم ناسی. زۆر سەرسام بووم بە چیرۆک و کولتوورەکەیان؛ هەروەها چۆنیەتی خەباتیان بۆ ناسنامەکەیان. ئەوە پاڵنەری سەرەکی بوو بۆئەوەی زیاتر لەسەر کورد بزانم.
رووداو: هیچ رووداوێکی دیاریکراوت لەبیرە کە وایکردبێت لە فینلاند زۆرتر بەدوای پرسی کورددا بچیت؟
فرێدا چانگات: بەڵێ. ساڵی 2015 و لەکاتی هاتنی لێشاوی پەنابەران بۆ ئەورووپا، گەنجێکم ناسی. ئەو خەڵکی دهۆک بوو. لەڕاستیدا لە مووسڵ لەدایک ببوو و بۆ داوای مافی پەنابەری هاتبووە فینلاند. ئەوکات مامۆستا بووم. وەک خۆبەخش لە رێکخراوێکی کەنیسە و خزمەتگوزاریی کۆمەڵگەدا کارم دەکرد. لەوێ ئەو گەنجە و خەڵکی دیکەم ناسی. تەنیا یەک کەسی کورد لەوێ بوو، ئەویش ئەحمەد بوو و خەڵکی دهۆک بوو. ئەو ئیلهامی پێبەخشیم بۆ دەستپێکردنی چیرۆکەکەم، چونکە بۆ یارمەتیدانیان تێکەڵی بابەتەکە بووم.
رووداو: گەشتەکەت بۆ گەڕان بەدوای کورددا ئەنجامەکەی پەرتووکێکە، بەڵام ئەنجامی ئەو گەڕان و گەشتە بۆ خۆت چی بوو؟
فرێدا چانگات: بابەتەکە زۆر سەرنجڕاکێش بوو، تەنانەت خۆشم نەمدەزانی دەتوانم ئەو پەرتووکە بنووسم. من رۆژنامەڤانم و کورتە چیرۆکی جیاواز لە هەموو بوارەکاندا دەنووسم. بەڵام چیرۆکی کورد زۆر کاری تێکردم. ئەوە وایکرد زیاتر بەدواداچوون بکەم و بەدوای کوردستاندا بگەڕێم. گەڕان بەدوای کورد، مێژووەکەی، کولتوورەکەی و چۆنیێتیی کەوتنە نێو ئەو دۆخەی ئێستای کە لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. زانینی ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە.
رووداو: گوتەیەکی زۆر بەنێوبانگی کوردی هەیە دەڵێت، هیچ دۆستێکمان نییە جگە لە چیاکان. دەزانم لە پەرتووکەکەشتدا لەسەر ئەمەت نووسیوە. چۆنت لەسەر نووسیوە؟
فرێدا چانگات: بەڕاستی کاتێک بۆ یەکەمجار گوێم لەم گوتەیە بوو، زۆر بەئاسانی هەستم بە پەیوەندییەک کرد، چونکە منیش بە بارێکدا خەڵکی چیام. لە فلیپین سەر بە چیاکانی باکوورم. لەڕێگەی سەیرکردنی ئەوان و مێژووی خۆمەوە هەستم بەو پەیوەندییە کرد. ئەوەی چۆن بەرگریمان لە وڵاتەکەمان کرد و چۆن بۆ سەربەخۆیی جەنگاین. باوباپیرانم کەسانی زۆر بەهێز بوون. کاتێک ئیسپانییەکان هاتن بۆ داگیرکردنی زەوییەکانمان، هۆزەکەمان خەڵکێکی زۆر تووند و بەهێز بوون. ئێمە جەنگاوەر بووین و بەڕاستی بۆ سەربەخۆیی جەنگاین. بەدڵنیاییەوە تاوەکو ئێستاش ناسنامەی خۆمان پاراستووە. تەنانەت هەرچەندە بووینەتە وڵاتێکی سەربەخۆ لە دەست ئیسپانییەکان و ئەمریکا، ئەو ناسنامە دیاریکراوەمان هەر هەیە کە دەتوانم بە خۆمی ببەستمەوە. کاتێک دەبینم دەڵێن "هیچ دۆستێکمان نییە جگە لە چیاکان"، من خۆم وەک چیایەک بۆ کورد دەبینم.
رووداو: تۆ چیایەکی بۆ کورد لە فینلاند، چونکە لە هاوڕێ و هاوپیشەکانمم بیستووە. ئەوان لەنێو دیاسپۆرای کوردین لە فینلاند، زۆر سەرسامن بەو کارەی بۆت کردوون و پەرتووکەکەیشت. گوتیان پێت دەڵێن فارگۆ. بۆچی فارگۆ؟
فرێدا چانگات: بەڕاستی لەبەرئەوەی رۆژنامەڤان بووم، دەزانیت کاتێک لە بواری رۆژنامەڤانیدا کاردەکەیت، ئێمە کۆدی خۆمان هەیە. کاتێک بە کۆدی مەدەنی پەیوەندی دەکەین، پێویست ناکات ناوەکانمان بەکاربێنین. بۆیە ناسنامەی کەسیمان دەشارینەوە و ئەوە کۆدەکەی منە. کاتێک دەستم بە نووسین کرد، وەک ناسناوێک بەکارم هێنا. بۆیە ئەوە ناوی قەڵەمەکەمە. کاتێک تەنانەت لە ماڵپەڕەکەیشم شتێک بڵاودەکەمەوە، خەڵک فارگۆ زیاتر لە ناوەکەی خۆم دەناسن.
رووداو: ئێستا کورد هەن سەیری بەرنامەی دیاسپۆرا دەکەن و حەزدەکەن پەرتووکەکەت بخوێننەوە، چونکە بۆ منیش زۆر سەرنجڕاکێشە کە چۆن لێکچوونی نێوان کولتوورەکەی ئێوە و کولتوورەکەی ئێمە پیشاندەدەیت. چۆن دەتوانین داوای بکەین و بیخوێنینەوە؟
فرێدا چانگات: لینکێکم لە ماڵپەڕەکەم هەیە کە دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین بیکڕن. بەڵام بێگومان لە وڵاتێکی وەک فەرەنسا و لێرە لە پاریس، چەند پەرتووکێکم هێناوە و چەند پەیوەندییەکم هەیە وەک فەیسەڵ تاشکیران، چونکە بۆ ناساندنی پەرتووکەکە دەگەڕێمەوە. چاوەڕێی ئینستیتیوتی کوردی دەکەم پێم بڵێن کەی دەبێت. بەدڵنیاییەوە لە فینلاند، دەتوانن راستەوخۆ و بێ کرێی گەیاندن بیکڕن. دەتوانن بە 29 یۆرۆ بیکڕن، بەڵام لە ماڵپەڕەکە بە 39 یۆرۆیە. سەرەڕای باج و کرێی گەیاندن. بەشێوەی ئۆنلاینیش بەردەستە.
رووداو: خاتوو چانگات، جارێکی دیکە زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. هیوادارم رۆژێک لێرە لە ئەڵمانیا بۆ ناساندنی پەرتووکەکەت بتبینم. کێ دەزانێت!
فرێدا چانگات: بەڵێ، زۆر سوپاس بۆ تۆش. خۆشحاڵ دەبم. ئەگەر دەرفەتێک هەبێت، زۆر دڵخۆش دەبم بێم. بێگومان ئەمە بانگهێشتێکی زۆر گەورەیە لەلایەن تۆوە، وەک یەکێک لە گەورەترین دەزگای راگەیاندن بۆ کوردستان لە سەرتاسەری جیهان. بەڕاستی کاتەکەت زۆر بەرز دەنرخێنم.




