رووداو دیجیتاڵ
سیامەند حاجۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، سیستمی سیاسی لەو وڵاتە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە و هاووڵاتییان روو لە پارتە ئۆپۆزسیۆن و نوێیەکان دەکەن.
لەبارەی تێکچوونی هاوسەنگییە دێرینەکانی سیاسەتی ئەڵمانیا، سیامەند حاجۆ رایگەیاند، "ئەڵمانیا پێویستی بە شتێکی نوێ هەیە. پارتە کلاسیکییەکانی وەک سۆسیال دیموکرات (SPD) و کریستیان دیموکراتەکان کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دەسەڵاتدار بوون، تووشی داخران بوونەتەوە و جڵەوی دەسەڵاتیان لاواز بووە."
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی ئەورووپی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی، دۆخی ئابووری و پرسی کۆچبەران کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر رەفتاری دەنگدان هەبووە. ئەو دەڵێت، "لەدوای ساڵی 2015 و هاتنی شەپۆلی گەورەی پەنابەران، بەشێک لە ئەڵمانییەکان هۆکاری خراپبوونی بارودۆخی ئابووری بۆ پرسی کۆچبەران دەگەڕێننەوە. ئەمەش بووەتە هۆی بەهێزبوونی پارتی راستڕۆی پاپۆڵیستی وەک (AfD)."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سیامەند حاجۆ ئاماژە بە جەمسەربەندییە نوێیەکە دەکات لەنێوان شارە گەورەکان و ناوچەکانی دەوروبەریدا و ئاشکرای دەکات، "لە بەرلین و شارە گەورەکان گەنجان و توێژەکانی خوار تەمەنی 40 ساڵ زیاتر دەنگ بە پارتی چەپ و پارتی سەوزەکان دەکەن، بەڵام لە شارۆچکە و دەوروبەری شارەکان دەنگەکان بەرەو پارتە (AfD) دەڕۆن. ئەمەش نیشانەی ناڕەزایەتییەکی قووڵە لە پارتییە دەسەڵاتدارە تەقلیدییەکان."
ناوچەی برلین بەهۆی پێگەی جیوپۆلیتیکی و بوونی ژمارەیەکی زۆری کورد و رای کوردی لە ئەڵمانیا، بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بڕیاری سیاسی و ڕۆشنبیریی کورد لە ئەوروپا ئەژمار دەکرێت.




