رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، شازدەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەستی پێکرد؛ فێستیڤاڵەکە چەند رۆژێک دەخایەنێت و تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
لەساڵانی رابردوو دا، ناوی کورد و کوردستان لەزۆربەی پایتەختەکانی وڵاتانی ئەورووپا، زیاتر لەڕێگەی هاتنی شاندەکان، قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش و ئازایەتیی ژنانی کوردەوە دەبیسترا. بەڵام لەگەڵ کەمبوونەوەی هەڕەشەی داعش لەسەر ئەورووپا، ئێستا چالاکییە کولتوورییەکانی وەک فێستیڤاڵی فیلمی کوردی، بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی ناوی کوردستان لەهزری ئەڵمان و ئەورووپییەکان دا بەزیندوویی بمێنێتەوە.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە و بەشداربووان پێیان وایە، ئەم جۆرە رووداوە هونەری و کوردییانە پەیامگەیەنەرێکی باشی کولتووری و سیاسین بۆ ئەوەی جیهان کورد لەبیر نەکات.
هاوکات بۆ دیاسپۆرای کوردستانیش لەدەرەوەی وڵات، ئەم فێستیڤاڵانە یارمەتیدەرێکی گرنگن تاوەکو لەو وڵاتەی تێی دا دەژین، کولتوور و هونەرەکەی خۆیان بەخەڵکی ناوچەکە بناسێنن. لەمیانی رۆژانی داهاتووی فێستیڤاڵەکەش دا، چەندین فیلم و بەرهەمی جیاواز پێشکەش دەکرێن.



