رووداو دیجیتاڵ
کارمەندێکی باڵای فەرمانگەی کۆچبەران ئاشکرا بووە کە بۆ ئێران سیخوڕیی بەسەر هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سوێد کردووە. هەرچەندە دۆسیەی پەنابەری و ئەو بەڵگەنامانەی پەناخواز و پەنابەران دەیدەنە حکومەتە ئەورووپییەکان نهێنین، بەڵام ئەو کارمەندە چووەتە نێو دۆسیەی پەناخوازانی رۆژهەڵاتی و کەسانی دیکەی بەرهەڵستکاری ئێران و نێوەڕۆکەکەی داوەتە ئەفسەرێکی هەواڵگریی ئێرانی، کە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ستۆکهۆڵم کاریکردووە.
سیخوڕیکردنەکە ئەوکاتە ئاشکرا بووە کە دەزگای هەواڵگریی سوێد (سابۆ) گومان لە کەسەکە دەکات و لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات. بەپێی دانپێدانانی ئەو کەسە، کە خۆیشی ئێرانییە، ئەفسەرێکی هەواڵگریی ئێرانی پەیوەندیی لەگەڵیدا هەبووە.
ئەفسەرەکە تەنانەت چووە و لەنێو فەرمانگەی کۆچبەران سەردانی سیخوڕەکەی کردووە، زۆر جاریش لە مۆڵی سکاندینافیا لە ستۆکهۆڵم یەکدییان دیتووە. تەنانەت ئەفسەرەکە یارمەتیی سیخوڕەکەی نێو فەرمانگەی کۆچبەرانی سوێدی داوە کە پاسپۆرتە ئێرانییەکەی نوێ بکاتەوە و سەردانی ئێرانیش بکات.
دوای ئاشکرابوونی ئەو رووداوە، حکومەتی سوێد ئەفسەرە هەواڵگرییە ئێرانییەکەی لە سوێد دەرکردووە. ماوەیەک دواتر هەمان کارمەند لەگەڵ ئەفسەرێکی دیکەی هەواڵگریی ئێران پەیوەندیی هەبووە و ئەویش دوای ئاشکرابوونی لە سوێد دەرکراوە.
لێکۆڵینەوەکانی هەواڵگریی سوێد پیشانیدەدەن کە سیخوڕە ئێرانییەکەی نێو فەرمانگەی کۆچبەرانی سوێد لاپەڕەی یەکەمی پاسپۆرتی زۆر پەناخوازی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوانی دیکەی داوەتە گرووپێکی مافیایی بەناوی (باندیدۆس).
سوێد پێشتریش ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە گرووپە مافییاییەکان لە سوێد بەکاردەهێنێت. هەر ئەم هەفتەیە لە سوێد گەنجێکی 16 ساڵەی نەرویجی بە ساڵێک و 6 مانگ زیندان حوکمدرا، چونکە دەرکەوت ویستوویەتی لەسەر داوای گرووپی تاوانکاریی فۆکس ترۆت، کە رەوا مەجیدی کورد سەرۆکایەتیی دەکات و ئێستا لە ئێرانە، کەسێک لەنێو سوێد بکوژێت.



.jpg&w=3840&q=75)

