رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوێد، دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتە گرنگییەکی تایبەت بە پرسی دەنگدان و گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەدەن. لە سەردانێکی بەرنامەی دیاسپۆرا، بۆ کۆمەڵەی ساڵمەندانی کورد لە ستۆکهۆڵم، ئەندامانی ئەو رێکخراوە باسی کاریگەریی راستڕەوەکان، خزمەتگوزاری، پەروەردە و تەندروستی دەکەن.
ئەندامانی رێکخراوی بەساڵاچووانی کورد لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، وەکو زۆر لە کۆچبەرانی کورد، بە پەرۆشەوە چاودێریی رەوشی سیاسیی وڵاتەکە دەکەن. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە، بەشدارییان لە پرۆسەی دیموکراسیدا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەیان و ئایندهی نەوەکانیان هەیە.
پیرۆت قادر، سەرۆکی کۆمەڵەی ساڵمەندان لەبارەی گرنگیی ناوەندەکەیانەوە گوتی، "ئەم شوێنە لە هەموو سوێد نموونەی نییە؛ کۆمەڵەی بەساڵاچووان و کەسانی بەتەمەنە. لێرە بەردەوام یەکدی دەبینین و تەنیا بوون زەحمەتە، لێرە پێکەوە دەردەدڵ دەکەین و باس لە چارەنووسی خۆمان و سیاسەت دەکەین.."
پرسی سەرەکیی کوردانی دیاسپۆرا، لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر چڕبووەتەوە سەر خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، قوتابخانەکان، نەخۆشخانە و سیستمی تەندروستی. یەکێک لە بەشداربووان باسی لە جیاوازیی سیاسەتی حیزبەکان کرد و رایگەیاند، "پارتی چەپ و سۆسیال دیموکراتەکان هەمیشە دۆستی کورد و کۆچبەران بوون. لەم چوار ساڵەی رابردوودا، بەهۆی دەسەڵاتی راستڕەوەکانەوە شتەکان گرانتر بوون و جیاوازی دروستبووە، بەتایبەت لە بواری نەخۆشخانە و قوتابخانەکان و خزمەتگوزارییەکان."
هاوکات هاووڵاتییەکی دیکەی ئامادەبووی گفتوگۆکە جەختی لەسەر پێویستیی دەنگدان بە چەپەکان کردەوە و رایگەیاند، "دەبێت دەنگ بەوانە بدەین کە لە ئازادی و مافی کۆچبەران تێدەگەن و پشتیوانی لە پرسی کورد دەکەن، نەک ئەوانەی جیاکاری دروست دەکەن."
سەلام جزیری، کەسایەتیی دیاسپۆرانشینی ستۆکهۆڵم ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی بەرچاو لە کوردانی سوێد لە ژیانی رۆژانەیاندا تێکەڵاوی کۆمەڵگە بوون، بەشداریکردنی چالاکانەیان لە هەڵبژاردنەکاندا بە ئەرک دەزانێت.


.jpg&w=3840&q=75)

