رووداو دیجیتاڵ
دیلار خەلەف، ژنە کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە، پەرتووکێکی بە زمانی ئەڵمانی لەژێر ناونیشانی "لە ئازارەوە بۆ بەهێزی" (Vom Schmerz zur Stärke) بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی ئەزموونی کۆچبەری و چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی ژیان لە ئەڵمانیا دەکات.
دیلار خەلەف لە تەمەنێکی بچووکدا بەهۆی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستانەوە ناچار بووە زێدی خۆی بەجێبهێڵێت و لە ساڵی 2015ەوە رووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە. لەبارەی هۆکاری نووسینی پەرتووکەکەیەوە، بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، "لە سەرەتاوە دەمویست ئەم پەرتووکە ببێتە ئەزموونێک بۆ کچەکەم کاتێک گەورە دەبێت بۆ ئەوەی بیخوێنێتەوە. دوای ئەوەی زۆر خەڵکم دی کە تووشی زەحمەتی ببوون و بێهیوا ببوون، بڕیارم دا بنووسم."
لەبارەی ناوەڕۆکی پەرتووکەکەی، دیلار گوتی، "ئەم پەرتووکە تەنها چیرۆکێک نییە، بەڵکو ئەزموونی ژیانی منە لە کۆچبەری و دروستکردنی ژیانێکی نوێدا. نووسینی بە زمانی ئەڵمانی لەبەر ئەوە بوو کە ئەڵمانەکان تێبگەن کە مرۆڤی کۆچبەر بە چیدا تێپەڕیوە. پەرتووکەکە تەرکیز دەخاتە سەر ئارامگری، هێزی ناوەکی مرۆڤ و دەستپێکردنەوەی ژیان لە سەرەتاوە."
دیلار خەلەف ئێستا لە ئەکادیمیایەکی فێرکاری لە ئەڵمانیا کار دەکات و هاوکاریی کۆچبەران و هاووڵاتییان دەکات لە راییکردنی مامەڵە حکومییەکان و فێربوونی زمان. لەبارەی کارەکەیەوە گوتی، "من بە زمانی ئەڵمانی ئیدارەی کارم خوێندووە و شارەزاییم لە چەندین زماندا هەیە، ئەمەش یارمەتیم دەدات هاوکاریی ئەو کەسانە بکەم کە تازە گەیشتوونەتە ئەڵمانیا، چونکە خۆم هەمان ئەو رێگەیەم بڕیوە و لە ئازارەکانیان تێدەگەم."
پەرتووکی "لە ئازارەوە بۆ بەهێزی" هەموو ئەو ئەزموونانە لەخۆدەگرێت و لە رێگەی ماڵپەڕی جیهانیی ئامازۆن (Amazon) بەردەستە بۆ خوێنەران.


.jpg&w=3840&q=75)

