رووداو دیجیتاڵ
تیپی تۆپی پێی کوردستان لە فینلەندا، کە تیپێکی دیاسپۆرای کوردستانییە، سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی Tat international cup لە هێلسنکی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکە.
پاڵەوانێتییەکە ساڵانە لە هێلسنکی پایتەختی فینلەندا بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەک لە تیپەکانی دیاسپۆرای وڵاتانی جیاواز تێیدا بەشدارن. لە پاڵەوانێتیی ئەم ساڵدا، تیپی کوردستان توانی ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات و تاوەکو یاریی کۆتایی بڕوات.
لە یاریی کۆتاییدا، تیپی تۆپی پێی کوردستان رووبەڕووی تیپی تۆپی پێی غانا بووەوە؛ دوای یارییەکی بەهێز، تیپی غانا توانی پلەی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە و تیپی کوردستانیش پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
پاڵەوانێتیی Tat international cup یەکێکە لەو چالاکییە وەرزشییە ساڵانانەی لە فینلەندا بەڕێوەدەچێت، تێیدا دیاسپۆرای نەتەوە و وڵاتە جیاوازەکان لە رێگەی تۆپی پێوە کۆدەبنەوە و رکابەری لەسەر نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.




