رووداو دیجیتاڵ
لێشاوی نزیکەی 50 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە مەغریبەوە بۆ نێو خاکی ئیسپانیا لە چەند کاژێری رابردوودا، قەیرانێکی سیاسیی گەورەی لەنێو یەکێتیی ئەورووپا دروستکردووە و بووەتە هۆی ئەوەی چەند وڵاتێک، بەتایبەتی ئیتاڵیا، داوای دەرکردنی ئیسپانیا لە ناوچەی شنگن بکەن.
هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەو لێشاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاسەوانانی سنوور لە دیوی مەغریبەوە بەشێوەیەکی کاتی کۆنترۆڵی سنووریان نەکردووە. بەمەش لەنێو کۆچبەراندا دەنگۆی کردنەوەی سنووری نێوان ئیسپانیا و مەغریب بڵاوبووەتەوە و بەلێشاو سنووریان بەزاندووە و ئاودیوی ئیسپانیا بوون.
لەم ماوەیەدا ئیسپانیا بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆچبەران، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی مەدرید دەستیکردووە بە پێدانی مافی مانەوە بە نیو ملیۆن کۆچبەری نایاسایی. ئامانجی حکومەتی ئیسپانیا لەم هەنگاوە، زیادکردنی دەستی کار و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکەیەتی، بەڵام ئەم بڕیارە وایکردووە ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەران بیانەوێت روو لەو وڵاتە بکەن.
ئەم سیاسەتەی ئیسپانیا وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپای نیگەرانکردووە و ئیتاڵیا بەتووندی کاردانەوەی نیشانداوە. هۆکاری نیگەرانییەکەش ئەوەیە، کاتێک کۆچبەرێک لە ئیسپانیا مافی مانەوە وەردەگرێت، دەتوانێت بەئاسانی و بەبێ ڤیزا سەفەر بۆ وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بکات.
بەپێی رێساکانی رێککەوتنی شنگن کە لەنێوان بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەورووپادا واژۆکراوە، هەر کەسێک بەشێوەی یاسایی یان لەرێگەی وەرگرتنی مافی مانەوەوە بچێتە نێو یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، ئازادیی هاتووچۆکردنی لە سەرتاسەری ناوچەی شنگندا دەبێت. ئەمەش لەم کاتەدا بۆ دەنگدەران و سەرکردە سیاسییەکانی ئەورووپا بابەتێکی هەستیار و نەخوازراوە، بۆیە بەشێک لە وڵاتان داوادەکەن ئیسپانیا لەو رێککەوتنە بکرێتە دەرەوە.


