رووداو دیجیتاڵ
لەم هەفتەیەدا نادیە موراد لە ژنێف بوو. نادیە رزگاربوویەکی جینۆسایدی ئێزدییەکانە و ئەم رۆژانە یادی جینۆسایدی ساڵی 2014ـەیە کە لە دژی کوردانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان بەدەستی چەکدارانی داعش ئەنجامدرا.
نادیە موراد کە ئێستا لە ئەمریکا دەژی و لەوێ خوێندوویەتی، بەڵام ژیانی دیاسپۆرا و وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وایلێنەکردووە لە ماڵەوە دانیشێت و چیدیکە باسی جینۆسایدەکە نەکات. ئەو لە ژنێف میوانی نوێنەرایەتیی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و لە کۆنفرانسێکدا قسەیکرد. نادیە موراد رەخنەی هەبوو و گوتی، "وەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت."
بڕیار وایە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ئەڵمانیاش، کە گەورەترین دیاسپۆرای کوردانی ئێزدیی لێیە، رێوڕەسمێکی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدییان سازبکرێت و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیران، سیاسەتڤانان و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەڵمانی تێیدا بەشدار دەبن.
لەلایەکی دیکەوە و هەر لە چوارچێوەی ئەو یادکردنەوەیەدا، زنار شینۆ، رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیایی رووداو، گفتوگۆیەکی لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەڤانێکی ئێزدی کردووە کە لە رۆژانی جینۆسایددا لەگەڵ میدیای ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان بووە. ئەو نووسەرە لەم رۆژانەدا پەڕتووکێکی بە زمانی ئەڵمانی لەسەر ئەو منداڵە ئێزدییانە بڵاوکردووەتەوە کە داعش رفاندبوونی و کردبوونی بە چەکدار.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
