رووداو دیجیتاڵ ئەم هەفتەیە لە لەندەن، دادگا گەنجێکی نەرویجیی بە تاوانبار ناساند لە هەوڵدان بۆ کوشتنی کەسێک بۆ تۆڕێکی تاوانکاریی کوردی. گەنجەکە ناوی یۆهانێس یاتلاندە و تەمەنی 19 ساڵە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی نەرویجی و بەریتانی و پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دادگاکەی لەندەنەوە، یۆهانێس لە نەرویجەوە بۆ کوشتنی کەسێک نێردراوە بۆ دەوروبەری مانچێستەری بەریتانیا. بەڵام پێش ئەوەی لە نەرویج دەرچێت، پۆلیس ئاگاداربووە کە خەریکی چییە و دوو رۆژ دوای گەیشتنی بە بەریتانیا دەستگیرکراوە. چیرۆکی ئەو گەنجە سەرنجڕاکێشە؛ ئەو لە نەرویج لەلایەن گەنجێکی دیکەوە کە تەمەنی 17 ساڵە و ئەویش دەستگیرکراوە، کراوەتە ئەندامی تۆڕی تاوانکاریی فۆکس ترۆت، کە سەرکردەکەی رەوا مەجیدە و لە سوێد بە "رێوییە کوردەکە" ناسراوە. دادگا دەڵێت، ئەندامێتییەکەی و پێسپاردنی ئەرکی کوشتنەکە لە بەریتانیا لەلایەن کەسێکەوە بووە کە ناوی (عەلی شەهاب)ـە. عەلی شەهاب ماوەیەک پێش ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا و رادەستی سوێد کرایەوە؛ لەوێش بە تۆمەتی ئەندامێتی لە فۆکس ترۆتدا لە زینداندایە. گەنجە نەرویجییەکە پێش ئەوەی بێتە بەریتانیا، لای خۆشەویستەکەی باسی ئەوەیکردووە کە دەچێت یەکێک بکوژێت. کاتێک دەگاتە بەریتانیاش، دەمانچەیەک و دوو هەزار پاوەند پارەی کاشی پێدەدرێت، دەستبەجێ لەو هۆتێلەوە کە تێیدا دەمێنێتەوە، وێنەیەک بە دەمانچەکەوە بۆ خۆشەویستەکەی دەنێرێت و رۆژی دوای ئەوە دەستگیردەکرێت. ئەمەش وادەکات نەزانرێت ئەو کەسەی بۆ کوشتنی چووبووە بەریتانیا کێ بووە. هەرچەندە دادگا بە تاوانبار ناساندوویەتی، بەڵام هێشتا دیارنییە سزای ئەو گەنجە نەرویجییە چی دەبێت.