رووداو دیجیتاڵ
دیوزەن تەککاڵ، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی کوردی ئێزدی لە ئەڵمانیا، خەڵاتی نێودەوڵەتیی "زمانی شین - Die Blaue Zunge"ی پێ بەخشرا، کە ساڵانە دەدرێتە ئەو کەسایەتییە بوێر و نەترسانەی کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە.
رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 15 هەزار کەس بەڕێوەچوو. تەککاڵ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا دژایەتیی خۆی بۆ دیکتاتۆری و سەرکوتکاری، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دووپاتکردەوە و داوای کرد، نابێت لە ئاست کپکردنی دەنگی ئازاد دا بێدەنگی هەڵبژێردرێت.
پاش وەرگرتنی خەڵاتەکە، دیوزەن تەککاڵ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بەرنامەی "دیاسپۆرا"ی تۆڕی میدیای رووداو، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، "بۆ ئەم خەڵاتە تەنیا بەناوی خۆمەوە نەچووم، بەڵکو بۆ هەموومان چووم. دەزانم لەجیاتی 50 ملیۆن کورد و ملیۆنێک ئێزدی و لەپێناو مرۆڤایەتیدا خەڵات کرام."
ئەو چالاکڤانە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم خەڵاتە تەنیا بۆ ئەو نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ ئازادی و ناسنامەی گەلەکەی و گوتی، "من لەوێ وەستابووم و لەوێوە رۆژێکی زۆر مەزن بوو بۆ ئێمە، ئەم خەڵاتە تەنیا خەڵاتێک نییە، بەڵکو بۆ ئێمە شتێکی گرنگە."
دیوزەن تەککاڵ بەوە ناسراوە لە میدیا و ناوەندە سیاسییەکانی ئەڵمانیادا هەمیشە دەنگێکی راشکاو و کاریگەر بووە بۆ داکۆکیکردن لە دۆزی کورد و مافەکانی ئێزدی، دوای وەرگرتنی ئەم خەڵاتەش جەختی لەسەر بەردەوامیی کار و چالاکییەکانی کردەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)