رووداو دیجیتاڵ
شێخۆ ئاکیوز، بۆکسێنەری پیشەگەری کوردی تەمەن 24 ساڵ کە لە سویسرا دەژی، پڕۆژەیەکی وەرزشی و مرۆیی ناوازەی راگەیاند بەوەی، دەیەوێ مەودای 3700 کیلۆمەتر لە ئەڵمانیاوە تاوەکو سنووری کوردستان بە پێ ببڕێت، ئەمەش بە ئامانجی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت و ناساندنی دۆزی کورد بە جیهان.
ئەم گەشتە پێویستی بە توانایەکی جەستەیی بێوێنە هەیە، بەو پێیەی ئاکیوز پلانی داناوە رۆژانە مەودای ماراسۆنێک (42 کیلۆمەتر) رابکات. گەشتەکەی بە وڵاتانی نەمسا، کرواتیا، سربیا و بولگاریا و تورکیادا تێدەپەڕێت تاوەکو دەگاتە خاکی کوردستان.
شێخۆ ئاکیوز بە دیاسپۆرای راگەیاند، پاڵنەری سەرەکی ئەم پڕۆژەیەی ئەو قسەیە بووە کە لە منداڵییەوە پێی گوتراوە: "وڵاتێک بەناوی کوردستان بوونی نییە، منیش دەمەوێت بەم هەنگاوەم بۆ جیهانی بسەلمێنم کە کوردستان بوونی هەیە."
لەڕووی مرۆییەوە، ئامانجی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکەی ئەم گەنجە، کۆکردنەوەی 20 هەزار یۆرۆیە بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت و خێزانە کەمدەرامەتەکانی کوردستان.
ئاکیوز جەختی لەسەر شەفافییەتی پرۆسەکە کردەوە و گوتی، "تەواوی ئەو پارەیەی کۆدەکرێتەوە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەگاتە دەستی منداڵان و هیچ بڕێکی بۆ خەرجییەکانی گەشتەکەم بەکارناهێندرێت."
بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، ئەو وەرزشوانە وازی لە کارەکەی هێناوە و دەڵێ، تەواوی تێچووی ئەم گەشتە لەسەر خەرجیی تایبەتی خۆی و لەڕێگەی سپۆنسەرەکانەوە دابین کراوە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)