رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی لوکسمبۆرگ پێنج کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆچبەریی لە کارەکانیان دوورخستەوە، دوای ئەوەی تێوەگلانیان لەگەڵ تۆڕێکی گەورەی ساختەکاری پشتڕاست کرایەوە.
ئەو تۆڕە زیاتر لە 200 مۆڵەتی نیشتەجێبوون (ئیقامە)ـی بەشێوەی نایاسایی داوەتە کۆچبەرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، کە ئەگەری هەیە کۆچبەری کوردیشیان تێدابێت.
تۆڕەکە بۆ پێدانی ئیقامەکان پشتی بە چەندین بەڵگەنامەی ساختە بەستووە، لەوانە بڕوانامەی زانکۆ، بڕوانامەی زمان، گرێبەستی کار و ناونیشانی نیشتەجێبوونی درۆینە. کۆچبەرەکان لەپای پێدانی پارە ئەو کارانەیان بۆ کراوە، دواتریش بۆیان هەبووە سوود لە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانی حکوومەت وەربگرن.
بەرپرسانی لوکسمبۆرگ دەڵێن،لێکۆڵینەوەیەکی فراوانیان لە دۆسیەکە دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا 25 کەس تۆمەتبارن. تۆمەتە ئاراستەکراوەکانیش بریتین لە گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە، ساختەکاری و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، و هێشتا لێکۆڵینەوەکانیش لەو بارەیەوە بەردەوامن.


