رووداو دیجیتاڵ دادگەیەکی سوێد سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دایکێکدا سەپاند، کە کچە تەمەن پێنج ساڵانەکەی بۆ ماوەی 19 کاژێر بە تەنیا لە ماڵەوە جێهێشتبوو، بەو هۆیەوە کچەکە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا گیانی لەدەستدا. بەپێی راگەیێندراوی دادگە، رووداوەکە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دا روویداوە، کاتێک ئاگر لە شوقەیەک لە شاری یۆتۆبۆری دەکەوێتەوە و لە ئەنجام دا کچێکی تەمەن پێنج ساڵان کە بە تەنیا لە ماڵەوە بووە، بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی ئاگرەکەوە دەخنکێت. دوای رووداوەکە، دایکەکە بە پۆلیسی راگەیاندبوو کە لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دا لە ماڵەوە بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەریان خست کە گوتەکانی ئەو دایکە راست نین. بەپێی بەڵگەکان، دایکەکە لە ماڵی خۆشەویستەکەی بووە و لە شەوی پێشترەوە کچە بچووکەکەی بۆ ماوەی 19 کاژێر بە تەنیا و بێ چاودێری جێهێشتووە. دادگەی یۆتۆبۆری لە کاتی خوێندنەوەی سزاکە دا ئاشکرای کرد، ئەمە یەکەم جار نەبووە کە ئەو دایکە کارێکی لەو شێوەیە بکات، بەڵکو پێشتر 42 جاری دیکە ئەو منداڵەی بە تەنیا لە ماڵەوە جێهێشتووە. لەسەر ئەم بنەمایە، دادگە بە تۆمەتی "کوشتن" و "بێبەشکردنی منداڵ لە ئازادی"، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دایکەکە دا سەپاند. دۆسیەکە لایەنێکی دیکەی هەیە کە بووەتە جێگەی رەخنەی تووند، ئەویش رۆڵی دامەزراوەکانی حکومەتە. لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2025، فەرمانگەی چاودێریی کۆمەڵایەتی (سۆسیال) سێ جار ئاگادار کراوەتەوە کە ژیانی ئەو کچە لە مەترسی دایە، بەڵام فەرمانگەکە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی نەکردووە. لە ئێستاش دا دامەزراوەکە لێکۆڵینەوە لەو کارمەندانەی دەکات کە کەمتەرخەم بوون. داواکاریی گشتیی سوێد بەو سزایەی دادگە رازی نییە و پێیوایە کەمە، بۆیە هەوڵدەدات تانە لە بڕیارەکە بدات تاوەکو سزایەکی تووندتر بەسەر دایکەکە دا بسەپێندرێت. لە بەرامبەریشدا، پارێزەری دایکەکە رایگەیاندووە کە رەنگە ئەوانیش تانە لە بڕیارەکە بدەن، بەمەش دۆسیەکە هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە.
دیاسپۆرا10-07-2026پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیارێکی بۆ زیادکردنی باج و خەرجییەکانی بیمەی تەندروستی پەسەندکرد