رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجیی رۆژانەی هاووڵاتییان، لە وڵاتی نەمسا باجی سەر خۆراکە سەرەکییەکان کەمکرایەوە. لە ئەڵمانیاش گۆڕانکاری لە باجی خواردنی چێشتخانەکاندا کرا، بەڵام نرخی خواردن بۆ کڕیاران وەک خۆی ماوەتەوە و دانەبەزیوە.
لە وڵاتی نەمسا، لەم هەفتەیەوە یاسایەکی نوێ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە تێی دا باجی سەر خۆراکە سەرەکییەکانی وەک شیر، هێلکە، سەوزە و نانی ئاسایی بۆ 4.9% کەم کراوەتەوە.
بەو هەنگاوە، نرخی ئەو پێداویستییانە لە سوپەرمارکێتەکان دا لە نێوان 20 بۆ 50 سەنت هەرزانتر بووە. شارەزایانی ئابووری پێشبینی دەکەن ئەم بڕیارە وا بکات ساڵانە لە نێوان 100 بۆ 500 یۆرۆ بۆ خەزێنەی هەر خێزانێک بگەڕێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە ئەڵمانیا، هەرچەندە باجی سەر خۆراک لە مارکێتەکان دا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەر دا نەهاتووە، بەڵام بڕیارێکی نوێ لەبارەی چێشتخانەکانەوە دەرکراوە. بەپێی بڕیارەکە، باجی سەر خواردنی نێو چێشتخانەکان بە یەکجاری بۆ 7% کەم کراوەتەوە، بەڵام باجی سەر خواردنەوەکان وەک خۆی لە 19% دا ماوەتەوە.
لە رووی ئابوورییەوە پێشبینی دەکرا بەهۆی ئەم کەمکردنەوەیەی باجەوە، نرخی خواردن لە چێشتخانەکانی ئەڵمانیا دابەزێت، بەڵام ئەمە رووی نەداوە. یەکێتی و سەندیکاکانی خاوەن چێشتخانەکانی ئەڵمانیا بڕیاریان داوە ئەو بڕە قازانجەی لە کەمبوونەوەی باجەکە دەستیان دەکەوێت، لە دابەزاندنی نرخ دا خەرجی نەکەن، بەڵکو بۆ دانەوەی قەرزەکانیان، دابینکردنی تێچووی زۆری کارەبا و بەرزکردنەوەی مووچەی کارمەندانیان بەکاری بهێنن، بەمەش خەرجیی کڕیاران لە چێشتخانەکان دا وەکو جاران دەمێنێتەوە.


