رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کورد بە رێگەیەکی نوێگەرانە سەرنجەکان بۆ لای خۆی رادەکێشێت؛ ئەو قژی مرۆڤ کە رۆژانە لە نێو سەرتاشخانەکاندا فڕێ دەدرێت و دەسووتێندرێت، دەکاتە پەیینێکی شلی 100% ئۆرگانیک.
ئەم پەینە نەک تەنیا زیان بە ژینگە ناگەیێنێت، بەڵکو بەپێی تاقیکردنەوەکان، 17 هێندەی پەینە کیمیایییە باوەکان کاریگەرتر و بەهێزترە.
ئالان مەجدین سامۆ، گەنجێکی تەمەن 32 ساڵی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی 17 ساڵە لە شاری سوندسڤالی سوێد دەژی. ئالان قوتابیی بەشی پزیشکییە و هاوکات کاری سەرتاشیش دەکات. لە ئەنجامی هەوڵە چەندین ساڵەییەکانیدا، ئەمڕۆ پڕۆژەیەکی گەورەی هەیە کە وەک خۆی دەڵێت دەتوانێت شۆڕشێک لە بواری کشتوکاڵی سەوز و پاراستنی ژینگەدا بەرپا بکات.
لە کورسیی سەرتاشخانەوە بەرەو بیرۆکەیەکی زانستی
ئالان سامۆ بووە میوانی رووداو و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. ئەو باسی چیرۆکی دەستپێکردنی ئەم داهێنانە سەرنجڕاکێشەی کرد و گوتی: "من قوتابیی بەشی پزیشکیم. لە ساڵی یەکەمدا فێری ئەوەیان کردین کە جەستەی مرۆڤ لە چی پێکهاتووە و چۆن کار دەکات. هاوکات کاری سەرتاشیشم دەکرد. لەو کارەمدا بە چاوی خۆم دەمبینی کە بە تۆنان قژ بەفیڕۆ دەڕوات، فڕێ دەدرێت و دەسووتێندرێت."
ئالان ئاماژەی بەوە کرد کە لەو کاتەدا تێڕوانینێکی زانستی و کیمیایی لە مێشکیدا دروستبووە و دەڵێت: "بە خۆم گوت، قژ تەنیا پاشماوە نییە، بەڵکو گەنجینەیەکە کە دەکرێت ببێتە پەینێکی سروشتی و 17 هێندەی هیی باو باشتر بێت."
ئالان بۆ پەرەپێدانی ئەم بیرۆکەیە تاوەکو کۆریای باشوور چووە و لەوێ لەگەڵ تاقیگە، ئەندازیاران و دروستکەرانی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان کۆبووەتەوە.
سیستەمێکی داخراو و سفر کاربۆن.
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە لە قۆناخی بەرهەمهێناندا هیچ زیانێک بە ژینگە ناگەیێنێت و رێژەی دەردانی گازی کاربۆن تێیدا سفرە.
ئالان لەبارەی وردەکارییە تەکنیکییەکانەوە ئەم زانیارییانەی خستەڕوو: "ئێمە سیستەمێکی داخراوی لە ستیلی دژەژەنگ بەکاردەهێنین. لە کارلێککەرێکی بایۆلۆجیی گەرمیدا، بە هاوکاریی هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم کارلێکێک دروست دەبێت؛ کیراتینی نێو قژەکە دەتوێتەوە و دەبێتە شلە. قژ لەم سیستەمەدا دەبێتە پەینێکی زۆر بەنرخ بۆ رووەکەکان."
قۆناخی پاتێنت و پاڵپشتی لە سوێد
ئەم گەنجە کوردە ئێستا چاوەڕوانی بەڵگەنامەی فەرمیی داهێنانە (پاتێنت). بە گوتەی ئالان سامۆ، لە سوێد وەرگرتنی ئەم بڕوانامەیە بە شەش قۆناخی سەختدا تێدەپەڕێت.
ئالان دەستنیشانی کرد کە ئێستا لە قۆناخی پشتڕاستکردنەوەدان و گوتی: "هەموو لێکۆڵینەوەکان کراون بۆ ئەوەی بسەلمێندرێت لە تەواوی جیهاندا کەس تەکنەلۆژیای لەم شێوەیەی دروست نەکردووە. بۆ وەڵامی فەرمیش تەنیا چەند هەفتەیەک ماوە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئالان باسی کردوون، شارەوانیی سوندسڤال، دەزگای گەشەپێدانی بیزمێکەر و زانکۆی مید سوێدەن پاڵپشتییەکی گەورەیان لێ دەکەن.
ئالان سامۆ روونیکردەوە کە لە قۆناخی دووەمدا، دوای تێپەڕبوونی 18 بۆ 24 مانگ، دەست بە دروستکردنی کارگە و بەرهەمهێنانی بەرفراوان دەکەن. ئالان ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ کردنەوەی کارگەی گەورەی ناوەندی پێویستیان بە نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆ هەیە، بەڵام پاڵپشتیی دارایی و زانستی لەلایەن دامەزراوە نێوخۆیییەکان و دەوڵەتی سوێدەوە رێگەکەیان بۆ ئاسان دەکات.
"من کوردێکی رۆژئاوام و داهێنانەکەش بە ناوی منەوەیە"
لەبارەی ئەو پرسیارەی کە ئایا داهێنانەکەی وەک هاووڵاتییەکی سوێدی یان وەک کوردێک تۆمار کردووە، ئالان دەڵێت: "17 ساڵە لە سوێد دەژیم و ئەم وڵاتە دەرفەتی پێدام، بەڵام من خۆم وەک ئالانی کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان ناساندووە. چەند ساڵ و لە هەر کوێیەکیش بمێنمەوە، دڵم لای نیشتمانەکەمە."
ئەو گەنجە کوردە تیشکی خستە سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان و گوتی: "هیوام ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان و لە رۆژئاوای کوردستانیش کارگەی لەم شێوەیە دابمەزرێنین. لە شارەکانی ئێمە بە هەزاران تۆن گازی زیانبەخش لە پاشماوەکانەوە دەردەچن، دەتوانین بەم پڕۆژانە هەم ژینگەی سروشتیی کوردستان بپارێزین و هەم کەرتی کشتوکاڵیش بەرەوپێش ببەین."
ئامانج بەرهەمێکی 100% ئۆرگانیکە
ئالان سەبارەت بەوەی ئایا رەنگی قژ جیاوازی دەکات یان نا، روونیکردەوە: "رەنگی سروشتیی قژ جا رەش بێت یان کاڵ، هیچ جیاوازییەکی نییە. بەڵام ئەگەر قژەکە بە بۆیەی کیمیایی رەنگکرابێت، کەمێک بۆ ئێمە ئەستەم دەبێت، چونکە نامانەوێت هیچ مادەیەکی کیمیایی بچێتە نێو ئەم پەینەوە. ئامانجمان ئەوەیە بەرهەمەکە 100% ئۆرگانیک و سرووشتی بمێنێتەوە."
ئەو پڕۆژەیەی ئالان ئێستا کاری لەسەر دەکات، لە میدیا گەورەکانی سوێددا دەنگی داوەتەوە. بەم هەنگاوە، ئالان مەجدین سامۆ نموونەیەکی دیاری گەنجە لێهاتووەکانی کورد پێشان دەدات؛ پێشانی دەدات کە چۆن دەکرێت لە ژیانی پەنابەری و کاری رۆژانەوە ببنە پێشەنگی دۆزینەوەی چارەسەری زانستی بۆ قەیرانە ژینگەیییەکان لەسەر ئاستی جیهان.


