رووداو دیجیتاڵ
شەیما زەهاوی، وەک دیزاینەرێک لە ئەڵمانیا جلوبەرگی کوردی دیزاین دەکات و بەشداری لە نمایشێکی نێودەوڵەتیدا دەکات و بە دیزاینە کوردانەکەی ئامادەبووان سەرسام دەکات.
شەیما حوسێن جەمال، کە ناسناوەکەی شەیما زەهاوییە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەناوی مارکەی شەیما دیزاین و، بەناوی ئەڵمانیا و کوردستانەوە، بەشداریی لە نمایشێکدا کردووە لە لە ئەلیکساندەرپلاتزی سەر بە شاری بەرلینی ئەڵمانیا.
لە نمایشەکەدا، نۆ دیزاینەری نێودەوڵەتی لە نۆ وڵاتی جیاوازە بەشدارییان کردووە، شەیما وەکو نوێنەری ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان بەشداری کردووە.
نمایشەکە رۆژی شەممە، 4ی تەممووز بەڕێوەچووە، کاژێر 7:30ی بەیانیی کراوەتەوە.
شەیما دەڵێ: "خەڵک، مۆدێل و دیزاینەرە ئامادەبووەکان، زۆر سەرسام بوون بە دیزاینەکانمان و بە گەرمیی پێشوازییان لێکردم، هەروەها داوایان کرد لە داهاتوودا کاریان لەگەڵدا بکەمەوە."
لە کاتی بەڕێوەچوونی نمایشەکەدا، دوو بانگهێشتنامە لە دوو وڵاتی جیاوازە بۆ شەیما چووە. "لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو، بەشداری لەو نمایشە نێودەوڵەتییانەدا دەکەم کە بۆی بانگهێشتکراوم."
شەیما زەهاوی کێیە؟
خەڵکی خانەقینە لە باشووری کوردستان، لە ساڵی 2006ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، هەر لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشان بووە و ئێستا کاری سەرەکیی دیزایینی جلوبەرگی کوردییەوە و بووەتە سەرچاوەی داهاتی.
ئەو دیزاینەرە کوردە، بەرهەمەکانی لە ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەخاتەڕوو و دەڵێ، نرخی گرانترین جلوبەرگی کوردی کە دیزایینی بکات، 200 یۆڕۆیە.
لەبارەی جۆر و شێوازی پڕفرۆشی جلوبەرگی کوردی، زەهاوی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەلای ئەو کراسی کوردی سۆرانی خانمان پڕفرۆشترینە و جگە لە خەڵکی باشوور، خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش داوای دەکەن.



.jpg&w=3840&q=75)