رووداو دیجیتاڵ
کاتێک ئەمیر حەسەن دوایین وشەکانی خۆی لەبەردەم میدیاکاندا دەربڕی و کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە کۆتایی هات، بە تەنیا لەگەڵ بڕیارە سەختەکەیدا بەرەو ماڵ گەڕایەوە و ماڵەکەی پڕ بوو لە بێدەنگی. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "هەستێکی غەریب دایگرتم، خەمبار بووم کە نەمتوانی زیاتر خزمەتی هونەرەکەم بکەم، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاسودە بووم." ئەمیر پێی وایە ئەمە باشترین کاتە بۆ ئەوەی وەک "یادگارییەکی جوان" لە دڵی هەوادارەکانیدا بمێنێتەوە، پێش ئەوەی شەپۆلی شێواندنی هونەر و کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد، جوانیی دەنگی ئەویش لێڵ بکات.
کاتێک باس دێتە سەر داهاتووی گەنجەکان و ئەوانەی تازە دەستپێدەکەن، ئەمیر حەسەن بە راشکاوییەکی تاڵەوە ئامۆژگارییان دەکات. ئەو میراتەی ئەو بۆیان جێدەهێڵێت تەنیا ئاواز نییە، بەڵکو هۆشدارییە. ئەو هونەرمەندە پێیان دەڵێت: "هەرگیز دەست بە گۆرانی گوتن مەکەن، تاوەکو ئەو کاتەی دڵنیا دەبن کۆمەڵگە تینووی گوێگرتنی دەنگی راستەقینەیە". ئەمیر حەسەن پێی وایە هونەر چی دیکە ناتوانێت ژیانێکی شایستە بۆ هونەرمەند دابین بکات.
بۆ ئەمیر حەسەن، هیچ بەرهەمێک هێندەی "دایک" شایەنی ئەوە نییە ببێتە دوایین وێستگەی ژیانی هونەری. ئەو هونەرمەندە دەڵێت، ئەگەر ئاوازێکی وەک ئەوەی (دیار کەریم) نەبووایە، رەنگە هەرگیز نەیتوانیبایە بە بەرهەمێکی هێندە تایبەت ماڵئاوایی بکات.
ئێستا کە کامێراکان لەسەر رووخساری ئەو هونەرمەندە نەماون، ئەمیر حەسەن دەیەوێ کاتەکانی بۆ خوێندنەوە، تێڕامان و دروستکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ منداڵەکانی بەکاربهێنێت. ئەو هونەرمەندە دەیەوێت بگاتە ئەو ئارامییەی ساڵانێک هەوادارانی لەنێوان ژێیەکانی دەنگی و دێڕی گۆرانییەکانیدا دەیاندۆزییەوە.
پرسیاری "چ هۆکارێک دەکرێ ئەم بڕیارەت پێ بشکێنێت و بگەڕێیتەوە؟" لای ئەمیر حەسەن تەنیا وەڵامێکی ئەستەمی هەیە. ئەو هونەرمەندە دەڵێ، گەڕانەوەی بۆ نێو دنیای هونەر بەندە بە "گەڕانەوەی دایک و خوشکە کۆچکردووەکەی بۆ ژیان کە ئەوەش ئەستەمە". بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمیر حەسەن هێشتا پەنجەرەیەکی بچووکی بۆ خۆشەویستیی خەڵک هێشتووەتەوە و دەڵێت تەنیا لە بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز و ساڵی تازەدا، رەنگە وەک میوانێک و بۆ دڵخۆشی گشتی دەنگی ببیسترێتەوە.

