رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەفیلمی (ژیان دوای ئازادی) لە دەرهێنانی شەماڵ حوسێن عەلی، بە شێوەیەکی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە کێبڕکێیەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەحمەدئاباد (AIFF) لە هیندستان بەربژێر کرا.
رۆژی دووشەممە 31ـی ئابی 2026، شەماڵ حوسێن عەلی، دەرهێنەری فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە کوردییە پێشتر لە ئەمریکا نمایش کراوە، ئێستاش لە چوارچێوەی چالاکییە جیهانییەکانیدا هەنگاو بەرەو بەدەستهێنانی خەڵاتێکی دیکەی نێودەوڵەتی دەنێت.
لەبارەی ناوەڕۆکی فیلمەکەوە، شەماڵ حوسێن گوتی: "فلیمەکە باس لە ژیانی گەنجانی کوردی ئێزدی دەکات، کە دوای رزگاربوونیان لە ژێر دەستی داعش چۆن درێژە بە ژیانیان دەدەن و کۆسپەکانی ژیانیان دەبڕن".
بەڵگەفیلمی ژیان دوای ئازادی 22 خولەکە. دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت: "لە فیلمەکدا تیشک خراوەتە سەر ئیرادەی ئەو گەنجانەی کە رزگاریان بووە کە چۆن هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی ژیان دەستپێبکەنەوە، لە رێی پێکهێنانی خێزان و پڕۆسەی هاوسەرگیری".
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەحمەدئاباد بۆ ساڵی 2026، لە 30ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بڕیارە لە رۆژی 2ی تشرینی یەکەمی 2026، لە مەراسیمێکی تایبەتدا خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بەسەر براوەکاندا دابەش بکرێن. کە فیلمی (ژیان دوای ئازادی) یەکێکە لەو بەرهەمانەی بەربژێرە تاوەکو نمایشبکرێت.

