رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی بەرهەمهێنەری (ماڵی نەنە)، دوێنێ نزیکەی دوو هەزار کەس سەیری فیلمەکەیان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمڕۆش لە پێنج شوێن پیشاندان بەردەوام دەبێت.
دوێنێ 27ی ئاب، پیشاندانی فیلمی سینەمایی (ماڵی نەنە) لە سینەماکانی باشووری کوردستان بەردەوام بوو و ئەمڕۆ هەینیش پیشاندان لە کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆ دەستیپێکردەوە و تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دهۆک و کەلار بەردەوام دەبێت.
باهۆز نەسرەدین، بەرهەمهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە)، ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەموو سینەما دیاریکراوەکان، فیلمەکە رۆژانە چوار بۆ پێنج جار نمایش دەکرێ".
دوێنێ زۆرترین بینەری فیلەمەکە لە شاری سلێمانی بووە، پاشان هەولێر، کەرکووک و کەلار. لە دهۆک ئەمڕۆ یەکەم رۆژی نمایش دەبێت.
بەرهەمهێنەری فیلمەکە دەڵێ، تێچووی بەرهەمەکە 200 هەزار دۆلار بووە و لە رووی دەروونییەوە رێکارە پێویستەکان گیراونەتەبەر تاوەکو بۆ منداڵان گونجاو بێت.
یەکێک لە خاڵە جیاوازەکانی ئەم فیلمە، رەچاوکردنی لایەنی دەروونیی بینەرە. بەرهەمهێنەری فیلمەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی دیالۆگ و رەفتارەکان، تیمی فیلمەکە پشتیان بە راوێژکاری دەروونی بەستووە.
سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن (ساوان خالید) نووسراوە و (شوان کەریم) و (محەممەد مستەفا)ی دەرهێنەر پێداچوونەوەیان بۆ کردووە، لەلایەن دکتۆر محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونییەوە خوێندراوەتەوە، تاوەکو دڵنیابن لەوەی هیچ لێکەوتەیەکی دەروونیی نەرێنی بۆ منداڵ و خێزانەکان نابێت.
فیلمی (ماڵی نەنە) لە دەرهێنانی محەممەد مستەفایە و حەوتەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆدەکشن)ـە. بڕیارە رۆژانە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و کەلار نمایش بکرێت.
چوارشەممە 26ی ئاب، لە سیتی سینەمای شاری سلێمانی فەرشی سوور بۆ یەکەمین نمایشی فیلمی کۆمێدی و خێزانیی (ماڵی نەنە) راخرا. ئەکتەرانی سەرەکی و تەواوی ستافی پشت کامێرا، لە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرەوە تاوەکو تیمی مکیاژ و دیکۆر، بەسەر فەرشی سووردا رۆیشتن و وردەکاریی ئەو بەرهەمەیان بۆ بینەران خستەڕوو، دواتر نمایش دەستیپێکرد.
فیلمەکە دوێنێ لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکووک و کەلار پیشاندرا.


