رووداو دیجیتاڵ
پوتری ئەندریانی جۆفیچا، شاجوانی زەویی ئیندۆنیزیا بۆ ساڵی 2025، لە تەمەنی 25 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
هەواڵی مردنی ئەم شاجوانە رۆژی هەینی 14ـی ئابی 2026 بڵاوکرایەوە، کە رێک ئەو رۆژە بوو کە دەبووە 26 ساڵ، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە.
پوتری کە لە ناو میدیاکان و لای هەوادارانی بە "پیجەی" ناسرابوو، تەنیا شاجوانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو چالاکڤانێکی دیاری بواری ژینگە بوو و هەمیشە هانی خەڵکی دەدا بۆ ریسایکلین و پاککردنەوەی رووبارەکان.
پوتری ئەندریانی جۆفیچا، خوێندکاری کۆلێژی یاسا بوو و بەهرەی گۆرانیگوتنیشی هەبوو، کە لە ساڵی 2024دا یەکەم گۆرانیی خۆی بڵاوکردەوە.
خەمباریی رێکخراوەکانی شاجوان
رێکخراوی (شاجوانی گراندی ئیندۆنیزیا) لە رێگەی پەیجی فەرمیی خۆیان لە ئینستاگرام، هەواڵی گیانلەدەستدانی پوترییان راگەیاند، کە پێشتر پلەی هاوەڵی شاجوانی ئەو وڵاتەشی بەدەستهێنابوو.
رێکخراوەکە لە پەیامێکدا نووسیویەتی: "بە خەمێکی قووڵەوە ماڵئاوایی لە پوتری ئەندریانی دەکەین. تۆ تەنیا هەڵگری نازناوێک نەبوویت، بەڵکو بەشێک بوویت لە خێزانە گەورەکەی ئێمە. رۆحە جوان و ورە بەرزەکەت دڵی زۆر کەسی تەیاند."
رێکخراوەکە هەروەها نزا و هاوسۆزیی خۆی بۆ خێزان و کەسوکاری پوتری دەربڕی و هیوای خواست لەم کاتە سەختەدا خودا هێزیان پێ ببەخشێت.
کاردانەوەی شاجوانەکان
دوایین پۆستی پوتری لە ئینستاگرام بۆ رۆژی 21ـی تەممووز دەگەڕێتەوە، کە تێیدا چەند وێنەیەکی خۆی بڵاوکردبووەوە.
ناتالی پوشکینۆڤا، شاجوانی زەویی جیهان بۆ ساڵی 2025، لە کۆمێنتێکدا بۆ پوتری نووسیویەتی: "دڵم شکاوە، بە ئارامی پشوو بدە."
هەروەها جۆی بارکۆما، کە یەکێک بوو لە هاوڕێ و رکابەرە نزیکەکانی پوتری لە کێبڕکێی شاجوانیدا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی هاوبەشیان هاوسۆزیی خۆی دەربڕی و نووسی: "یادەوەریت هەمیشە وەک بەرەکەت دەمێنێتەوە."
پوتری ئەندریانی و جۆی بارکۆما پێکەوە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا نوێنەرایەتیی وڵاتەکانیان کرد لە کێبڕکێی شاجوانی زەویی جیهان، کە تێیدا ناتالی پوشکینۆڤای نوێنەری کۆماری چیک توانی ببێتە شاجوانی جیهان و جۆی بارکۆماش لە ریزی 8 باشترینەکاندا مایەوە.
ئێستا هەواڵی کۆچی دوایی پوتری لە رۆژی لەدایکبوونیدا، بووەتە جێگەی سەرسوڕمان و خەمباریی زۆری ناوەندە هونەری و وەرزشییەکانی ئیندۆنیزیا.


