رووداو دیجیتاڵ
نوێترین بەرهەمی مەحموود نەجمەدین چیرۆکنووس و رۆماننووسی زمانپاراوی کورد، کۆمەڵەچیرۆکی (دیلبەرا ئانی)یە کە وێڕای فەرهەنگۆک و زانیارییە بەنرخەکانی پاشکۆی کتێبەکە لە دووتوێی 306 لاپەڕە و لە چاپێکی جواندا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە ساڵی 2025 لە باشووری کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
مەحموود نەجمەدین، یەک لەو قەڵەمە زمانپاراو، خاکەڕا و کۆمەڵایەتیی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردییە کە لەم ساڵانەی دواییدا هەر کات کۆمەڵەچیرۆک و رۆمانەکانی بڵاوکردوونەتەوە، هەم لە باشوور و هەم لە رۆژهەڵات، لەلایەن خوێنەران و رەخنەگرانەوە ئاوڕیان لێ دراوەتەوە و بە گرنگەوە باسی چیرۆک و رۆمانەکانیان کراوە.
لێردا دەمەوێت کورتە لەنگەرێک لەسەر کۆمەڵەچیرۆکی (دیلبەرا ئانێ) بگرم و هەندێ سەرەقەڵەم ئاماژە پێ بکەم و رای خۆم دەرببڕم. ئەم بەرهەمە کە لەسەر بەرگی نووسراوە کۆمەڵەچیرۆک، هاوکات دەکرێ وەک کورتەڕۆمانیش خوێندنەوەی بۆ بکەین. چونکە چیرۆکەکان زۆر بە جوانی، شارەزایانە بە ئاراستەی هێڵێ پێکەوە گرێ دراون.
نێواخن
لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا مەحموود نەجمەدین خۆی وەک گێڕەرەوەی سەرەکیی چیرۆکەکان، وێڕای حەمدی بەگ، پاڵەوان و پیاوی دنیای خەیاڵی چیرۆک، هەگبەی سەفەر هەڵدەگرن و گوند بە گوند شارەو و شار، دەشت و دۆڵی باشوور، رۆژهەڵات، لوڕستان، سنە، موکریان، سلێمانی، هەولێر، باکوور، قەرس، ئامەد و... دەگەڕێن. لەم گەشتە پڕ لە چیرۆک و تەژی لە رووداو و هەڵبەز و دابەزەدا، سەر بە زۆر شوێن و کون و کەلەبەری کوردستاندا دەکەن. خەون و خولیا و ئاواتە لەمێژینە و بەدینەهاتووەکان شەنوکەو دەکەن. فورات سەیدۆ (حەمدی بەگ) قۆڵ بە قۆڵی بگێڕەوەی سەرەکیدا دەکات، خولیای دۆزینەوەی سەرەداو و گرێکوێرەی چیرۆکەکان، بۆ دۆزینەوەی گراوە خەیاڵییەکەی (زادینا)، ئارام و قەراری لێ بڕیوە و بۆ گەیشتن بە زادینا شەو و رۆژ ناناسێت. گەرما و سەرما و هاوین و زستانی بۆ نییە و ئەوەی لای گرنگە گەیشتنە بە ئەوینەکەی و لەم سەفەرە پڕ لە چیرۆکانەدا باشوور، رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوا لێک گرێ دەدەن و راز و رەمزی ژیان و سەربوردەی مرۆڤە تەریک، ئاوارە و هەڵکەندراوەکان وێنا دەکەن.
زمان
زمانی نووسین و گێڕانەوە گەلێک باڵایە، ئەمە لای من زۆر خاڵی بەهێز و بەرجەستەی ئەم بەرهەمەیە. رستەی کورت، کوردییەکی پەتی و رەسەن و خۆماڵی و هاوکات شیرین و هەڵگری توێژاڵێک لە تەنزی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. دەستبردن بۆ گێڕانەوە، جیاواز لە تەکنیک و پەیامی بەرهەم، گەر زمانی نووسەر لاواز و پڕ گرێ و بەدوور بێت لە زمانی کەتوار (واقیع)ی کۆمەڵگە، لای من بایەخێکی ئەوتۆی نییە. چونکە تۆ گەرەکتە لایەنێک لە ژیانی کۆمەڵگەکەت لە دووتوێی بەرهەمێکی ئەدەبیدا بنوێنیتەوە، واتە وێناکردنەوەی واقیع بە زمانی خەڵک.
بەڕای من، ئەوەی مەحموود نەجمەدین لە نووسەرانی دیکە جیا دەکاتەوە، کارکردنە لە قووڵایی گێڕانەوەدا بە مانا واقیعەکەی لەڕووی زمانی داڕشتنەوە. لەم بەرهەمەدا هەم گێڕەرەوەی سەرەکی، هەم حەمدی بەگ، هەم کاکەسێ و دایکی، کاکە لاوە، کاکەدربۆ، کاکەجوان و پاڵەوانەکانی دیکە لە سلێمانی، سنە، موکریان، هەولێر و... خودی خۆیانن، باسی ناخ و ئازار، خەم، شادی و خەونەکانی خۆیان دەکەن بە ئاواز و دەربڕین و زمانی ئاخاوتەی رۆژانەی خۆیان دەدوێن و دەسکرد نین. لە (دیلبەرا ئانی)دا نووسەر نەهاتووە لەڕووی پاڵەوان و کارەکتەرەوە، کەسانێکی پسپۆڕ، مامۆستا و چینی خوێندەوار و دەستبژێر هەڵبژێرێت و بە زمانی ئەوان فەلسەفە و رستەی قەبە و فەیلەسووفانە بەسەر خوێنەردا بسەپێنێ. بۆیە هەڵبژاردنی پاڵەوانی ئاسایی و چینی خوارەوە، کرێکار، شۆفێر، کاسبکار، جووتیار، کابان، راست زمان و گفتولفتی ئەوانیشی بۆ گێڕانەوە هەڵبژاردووە.
بۆیە زمان لەم چیرۆکانەدا پاراو، بێ گرێ و تەواو خۆماڵییە. زمان، ئێجگار زمانی گێڕانەوەییە و بەدەگمەن هەست بەوە بکەی کە زمانی هەواڵ، سیاسەت، راپۆرت و رۆژنامە بەسەر رێڕۆی گێڕانەوەدا زاڵ بێت، ئەمەش خاڵێکی بەرجەستەی چیرۆکەکانە و لای من سەرنجڕاکێشە. کەچی هەندێ نووسەری دیکەمان هەن لە نێوەڕاستی گێڕانەوەکانیاندا رووبەڕووی رستە و پاراگرافی دوور و درێژی پڕ لە ئامۆژگاری، وانەگوتنەوەی دەروونی، کۆمەڵناسی دەبیتەوە، هەست ناکەی گێڕانەوە دەخوێنییەوە، بەڵام ئەمە لە دەقی "مەحموود نەجمەدین"دا نابینرێ.
لەم کۆمەڵەچیرۆکانەدا سەدان وشەی رەسەن و لەبیرکراوی نێو کۆمەڵگە، لە زاری پاڵەوانەکانەوە بەکار هاتوون کە لەبیر کراون و خەڵکی ئێستا نایانزانن. بەکارهێنانی ئیدیۆم و پەند و قسەی نەستەق، وەک تەوس و پلار، لایەنێکی دیکەی بواری زمانە لەم بەرهەمەدا. نووسەر لە کۆتاییدا فەرهەنگۆکێکی بۆ وشە رەسەن و نامۆکان داناوە، کە جێگەی رێز و پێزانینە.


.png&w=3840&q=75)
