هەفتەی رابردوو لە مەراسیمێکی ئەکادیمیستەکانی زانکۆ کتێبی "گوتارەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی" پێشکەشی خوێنەران کرا. دەمێکە خەریکی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی گوتارەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیم، دەستخۆشی بۆ دکتۆر زاهیر حەمەدەمین و مامۆستا ئەرسەلان رەحمان کە توانییان شرۆڤە بۆ کۆی وتار و گوتارەکانی نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی 2019 تا 2025 بکەن کە لە 96 گوتار و وتاری سەرەکی پێکهاتوون.
ئەوەی بەلای من گرنگ بوو ناوەڕۆکی گوتارەکانی نێچیرڤان بارزانی بوو لە ماوەی حکومڕانی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی کۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کردووە. لای هەموومانیش ئاشکراو روونە کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەو ئەقڵیەتە میانڕەوەی هەیەتی، چ لە کارکردن و چ وەک بیروباوەڕێک بەردەوام رەنگدانەوەی هەیە لە کۆی ئەو قسە و گوتارانەی کە ئاراستەی چین و توێژەکان دەکات. لە هەموو گوتارەکانیشیدا ئەم زمانە نەرم و پڕ لە لێبووردەییە و ئاشتی و پێکەوەژیانە رەنگی داوەتەوە و بەردەوام رای بەرامبەر بە هەند وەرگیراوە و کاریگەریی خۆی دروستکردووە. ئەوەی زیاتر سەرنجی منی راکێشا، لە کۆی گوتارەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی زیاترین چەمک و وشە کە بەکاریهێناوە بریتیبووە لە وشەی ئاشتی بە پلەی یەکەم، لێبووردەیی بە پلەی دووەم و پێکەوەژیان بە پلەی سێیەم.
ئەمەش گوزارشتە لە زۆر مانای گشتی لەم هەرێمە دا کە وشەی ئاشتی بۆ کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکان و ئاشتی لە ناوچەکەدا گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستیەکی هەنووکەییە. چ کورد لە ناوچەکە وەک نەتەوە و چ میللەتەکانی دیکە لە دەوروبەرمان لەو سەردەمەدا زۆرترین پێویستیان بەم چەمک و دەستەواژانە بووە، چونکە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی سەرۆکایەتیکردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چەندین رووداو و ململانێی ناوچەیی روویانداوە و ئاشتی گەورەترین پێویستی بووە بۆ ناوچەکە.
لە پرسی لێبووردەییشدا کە دووەمە، گرنگی و هێزی خۆی هەبووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکانیدا بەردەوام باسی کردووە، چونکە چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش لێبووردەیی بووەتە پێویستییەکی جدی و ئەرکێک لەسەر هێزی سیاسی و دەوڵەتان و نەتەوەکان کە تەنیا رێگە بۆ پێکەوەبوون و پێکەوەکارکردن بریتییە لە لێبووردەیی لەنێوان خۆیاندا، چونکە لێبوردەی دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونی وڵاتان و هەرێمەکان لەناوخۆی خۆیاندا.
پێکەوەژیان لەنێوان نەتەوەکان و هێزە حوکمدارەکان بە پلەی سێیەم دێت کە باسکراوە، ئەمەش دەرئەنجامی جیاوازیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی دێت لە ناوچەکە دا بۆیە دەکرێت لەڕێگەی پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردن بتواندرێ سەرکەوتن بەدەستبێت و کۆتایی بە زۆر کێشەی گەورەش بێت لە ناوچەکەدا، چونکە پێکەوەژیان لە ناوچەکە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و بەردەوامیش هێزە داگیرکار و کۆنەپەرستان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هەوڵیانداوە ئەم پێکەوەژیانە تێکبدەن و هەوڵدەن جۆرە پێکدادانێک و ململانێی ئایینی و کولتووری و نەتەوەیی زاڵ بکرێت بۆئەوەی رێگەبدرێت بە کۆتاییهێنانی کەمەنەتەوە و ئایینەکان، وەک ئەوەی کە لە رابردوودا بینیومانە.
نێچیرڤان بارزانی بە پێویستی زانیوە دووپات لەم چەتری پێکەوەژیانە بکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش نموونەیەکی جوانی ئەم پێکەوەژیانەیە، بووە بە هیوایێکیش بۆ زۆریک لە وڵاتان و کەمە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان. گەلی کورد چ لە رابردوو چ لە ئێستادا هەوڵی زۆریداوە بۆ پاراستنی ئەم پێکەوەژیانە کە دەکرێت لەم رێگەیە ئایندەیەکی روونتر بونیات بنرێت.
جگە لەمانە لە زۆربەی گوتارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا باسی چەمکەکانی مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتان و ئازادیی رادەربرین کراوە. ئەمەش وەک بەرپرسیارێتیێکی ئەخلاقی و باوەڕبوون بەم چەمکانە و هەوڵدان بۆ هاندانی هێزە سیاسییەکان و حکومدارانی وڵات تاوەکو زیاتر کار لەسەر بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ بکەن، تاوەکو هاووڵاتییانیش لەم هەرێمەدا هەست بە مافەکانی خۆیان بکەن و سەربەرزانە بژین. هەر لەم چوارچێوەیە مافی ئافرەتان کە نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە زۆربەی بۆنەکانی ئافرەتان پەیامی ئاراستە کردوون و داواشی کردووە ئافرەتان یەکسان بن لە ماف و ئەرکدا، هەروەها کاری جدی بۆ کراوە و گۆڕانکاری گەورەش بەدیهاتوون لە پرسی ئافرەتاندا. ئێستا ئافرەتانی هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگە و دەسەڵاتی فراوانن لەسەر ئاستی سیاسی و حکومداری و بەڕێوەبردن، بەردەوامیش پاڵپشتێکی گەورەی ئافرەتان بووە لە بەدیهێنانی مافەکانیاندا.
ئازادیی رادەربڕین یەکێکی دیکە بووە لە چەمکەکانی نێو گوتارەکانی نێچیرڤان بارزانی کە بەردەوام باوەڕبوون بە مافی دەربڕین و ئازادی لە قسەکردن و هەبوونی رای جیاواز لە چوارچێوەی یاسادا. نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکانیدا بە پێویستی زانیوە کە دەبێت لەم هەرێمەدا ئازادیی رادەربڕین بۆ هەموو تاکێک فەراهەم کرابێت و هەموو کەسیش مافی ئازادیی قسەکردنی هەبێت، لە پاڵ ئەم چەمکانە لە گوتارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا باسی زۆر بابەتی دیکە کراوە وەکو بژێویی ژیان، خۆشگوزەرانی و یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان. ئەمانە هەمووی لە گوتارەکانیدا زۆر بە روون و ئاشکرا رەنگیان داوەتەوە، هەر لەبەر ئەمانەیە، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان توانیویەتی لەسەر کۆی پرسە جیاوازەکان و پێداویستییە هەنووکەییەکان قسە و گوتەی خۆی هەبێت.
لە گوتارەکاندا، زمانی زبر و هەڕەشە کەمترین جار یا سفر جار بەکارهاتوون. ئەم کتێبەی بڵاوکراوەتە دەکرێت لە ئایندە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی زانستی بۆ توێژەرانی بواری سیاسی و کۆمەڵناسی و میدیاکاران، تاوەکو توێژینەوەی زانستیی وردی لەسەر بکەن و خوێندنەوە بۆ گوتارەکانی بەشێوەیەکی زانستییانە بکەن.
نووسینی بەهرە محەممەد

.png&w=3840&q=75)

