رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند کیژان ئیبراهیم خەیات، نوێترین ڤیدیۆ کلیپی خۆی بەناوی "ئەوین" بڵاوکردەوە، کە بەرهەمێکی سۆزدارییە و لەناو سرووشتی وڵاتی هۆڵەندا وێنە گیراوە.
ئاوازی گۆرانییەکە لەلایەن کیژان خۆیەوە دانراوە و هۆنراوەکەی لە نووسینی (نزار ناشاد)ە، هەروەها بژار دیلان کاری دابەشکردن و تۆمارکردنی کردووە و بافڵ سەرهەنگ کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە.
کلیپەکە لە شاری (لایدن) لە وڵاتی هۆڵەندا و لە وەرزی بەهاردا وێنە گیراوە. دیمەنەکان لەناو کێڵگە پان و بەرینەکانی گوڵە لالە تۆمارکراون، کە رەنگاڵەیی سرووشت و جوانیی ئەو ناوچەیە دیمەنێکی ناوازەی بە کلیپەکە بەخشیوە.
چیرۆکی ڤیدیۆ کلیپەکە گوزارشت لە وەفا و بەردەوامیی عەشق دەکات لە تەمەنە جیاوازەکاندا، کە تێیدا چیرۆکی سۆزداریی نێوان ژن و پیاوێکی بەتەمەن نیشان دەدرێت، لە ساتەوەختی پیاسەکردن و پێشکێشکردنی ئەڵقەی هاوسەرگیری تاوەکو ژوانێکی رۆمانسی لەناو کێڵگەکاندا.
کیژان ئیبراهیم خەیات دەربارەی ئەم بەرهەمە و پلانە هونەرییەکانی بە رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2018وە چەند بەرهەمێکی نوێم ئامادەیە کە نەمویستووە تەنیا بە دەنگ بڵاویان بکەمەوە، بەڵکو چاوەڕێی دەرفەتێکی گونجاو بووم بۆ وێنەگرتنیان."
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ساڵ بۆ ئەو ساڵی کارکردن دەبێت، "هەستم دەکرد لە ماوەی رابردوودا کارەکانم بە سەختی تێدەپەڕین، بەڵام ئەم ساڵ دەرفەتم بۆ رەخساوە و چوار بەرهەمی نوێ بە شێوەی کلیپ بڵاودەکەمەوە."
کیژان ئیبراهیم خەیات، یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی گۆرانیی کوردییە و بە ستایلە تایبەتەکەی لەناو هەوادارانی میوزیکی کوردی پێگەیەکی دیاری هەیە.



