رووداو دیجیتاڵ
فەرید پێشاد، هونەرمەندی خەڵکی سلێمانی، لە رێگەی رووداوەوە بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی حەسەن زیرەک ڤیدیۆ کلیپێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێ، بە بەشداریی هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بۆکان تۆمار کراوە.
ئەمڕۆ شەممە 27-06-2026، نیاز محەممەد ئەمین، ناسراو بە فەرید پێشاد، هونەرمەندی خەڵکی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ڤیدیۆ کلیپەکە مانگی کانوونی یەکەمی پار تۆمار کراوە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە بڵاوکردنەوەکەی دواخرا.
فەرید پێشاد گوتی، بڕیاری داوە کارە هونەرییەکە ''وەک وەفایەک'' بۆ هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بڵاوبکاتەوە.
ڤیدیۆ کلیپەکە بە ناوی (زیرەک گیان زیرەک) بە هاوکاریی گرووپی هونەریی بۆکان، لەسەر گۆڕی هونەرمەند حەسەن زیرەک تۆمارکراوە. ئەو هونەرمەندە کوردە گوتی، ئاواز و هۆنراوەکەی لەلایەن خۆیەوە ئامادە کراوە و هونەرمەندانی دیکەی بەشدار لە ئامادەکردنی ڤیدیۆیە کلیپەکەدا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
فەرید پێشاد لە ساڵی 1999ـوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و دەڵێت، یەکەم جارە کارێکی هونەری پێشکێش بە هونەرمەندی گەورەی کورد، حەسەن زیرەک دەکات و دەڵێ، ''مامۆستا حەسەن زیرەک تایبەتمەندیی زۆری هەبوو.''
حەسەن زیرەک، هونەرمەندی ناسراوی کورد خاوەنی سەتان گۆرانییە، لە 29 تشرینی دووەمی ساڵی 1921 لەدایکبوو ولە 26ـی حوزەیرانی ساڵی 1972 کۆچی دوایی کرد.
لەسەر داوای هونەرمەندەکە لە چیای ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان بەخاکسپێردراوە.


