رووداو دیجیتاڵ
شانۆگەریی (ناوچەی ئارام) Safe Haven کە باس لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پشت دروستکردنی ناوچەی دژەفڕینی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991 دەکات، لە شانۆی ئارکۆلا لە لەندەن دەچێتە دوا رۆژەکانی نمایشکردنییەوە. نمایشکردنی شانۆگەرییەکە تاوەکو رۆژی شەممە، 27ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

شانۆگەرییەکە لەلایەن کریس باوەرز، دیپلۆماتی پێشووی بەریتانیا نووسراوە و لە دەرهێنانی یاد دینە. دەقی شانۆنامەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە راستەقینانەی کورد کە لە کاتی کۆڕەوی ساڵی 1991دا ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی رۆژئاوای گۆڕی. لەو ساڵەدا سوپای عێراق هێرشی کرد و نزیکەی 2 ملیۆن هاونیشتمانی ناچارکرد بەرەو ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستان بڕۆن. رووماڵی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە جیهانییەکان کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو. شانۆگەریی (ناوچەی ئارام) ئەو جووڵە دیپلۆماسییە خێرایانە دەگێڕێتەوە کە دواجار بوونەهۆی دامەزراندنی ناوچەی ئارام.

شانۆگەرییەکە بە دیزاینێکی تایبەت تەختی شانۆکەی دابەشکردووە بۆ دوو بەش، ئەوەش بە مەبەستی پێشاندانی جیاوازیی نێوان دۆخی سەختی هاونیشتمانییان لە نزیک سنوور و هۆڵە فەرمییەکانی حکومەتی بەریتانیا کە بەرپرسانی بەریتانی تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی رەهەندە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە دەکرد.

شانۆگەرییەکە رۆڵی گرنگی ئەو چالاکڤانە کوردانەی نیشتەجێی لەندەن پێشاندەدات کە لۆبییەکی بەهێزیان لای حکومەتی بەریتانیا کرد. هونەرمەند مەزڵووم گوڵ رۆڵی پزیشکێکی کورد دەگێڕێ کە هانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەدات و هاوسەنگییەک لەنێوان پەلەکردنێکی نائومێدانە و ویستێكی پۆڵاییندا رادەگرێ، کە رەنگدانەوەی دۆخی دیاسپۆرای کورد بوو لەو کاتەدا.

کریس باوەرز، کە وەک کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر خزمەتی کردووە، گرژییەکانی نێوخۆی دامەزراوەکانی وڵاتەکەی لە دیالۆگەکاندا جێگیرکردووە و ناکۆکیی نێوان سستیی بیرۆکراسی و پرسە مرۆییەکانی پێشان داوە. شانۆگەرییەکە وەک بیرهێنانەوەیەکە بۆ ئەو ناوچە ئارامەی بناخەی بۆ هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆ دانا، کە لە رێگەی هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی و گوشاری بەردەوامەوە بەدیهات.

شوێن: شانۆی ئارکۆلا (ستۆدیۆی 1)
شەقامی ئاشوین 24، دالستن، لەندەن، E8 3DL
نزیکترین وێستگەکان: دالستن جەنکشن / دالستن کینگزلاند
رۆژەکانی نمایشکردن:
پێنجشەممە، 25ی حوزەیران: 7:30ی ئێوارە (گفتوگۆی دوای نمایش لەخۆدەگرێ)
هەینی، 26ی حوزەیران: 7:30ی ئێوارە (گفتوگۆی دوای نمایش لەخۆدەگرێ)
شەممە، 27ی حوزەیران: 3:00ی پاشنیوەڕۆ، 7:30ی ئێوارە (دوا نمایش)

چالاکییە تایبەتەکانی دوای نمایش
پێنجشەممە، 25ی حوزەیران: گفتوگۆیەک لەگەڵ نووسەر کریس باوەرز و میوانی تایبەت لەبارەی کورد.
هەینی، 26ی حوزەیران: پانێڵێک بە بەشداریی سێر جۆن جێنکینز، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە بەغدا، کاروان جەمال، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ترووسکە حامید، یەکێکە لە رزگاربووەکانی کۆڕەوی 1991.
شەممە، 27ی حوزەیران: گفتوگۆیەکی کولتووری بەڕێوەدەچێت.

تێبینیی: ماوەی نمایش 1 کاژێر و 45 خولەکە (لەگەڵ پشوویەک). رێنمایی تەمەن بۆ سەرووی 12 ساڵە بەهۆی بوونی بابەتی جەنگ و ترۆمای مێژوویی. نرخی بلیتیش لەنێوان 15 بۆ 39 پاوەندە.



