رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد نەبەز، وەکو یەکەم هونەرمەندی کورد و عێراقی بە فەرمی بانگهێشتی چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی "ئارتیاد" کرا، کە بە "ئۆڵۆمپیادی هونەر" ناسراوە و بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری 2026 لە ڤالێنسیای ئیسپانیا بەڕێوەبچێت؛ ئەو هونەرمەندە کوردە بە سێ ڤیدیۆ ئارت بەشداری دەکات.
ئەحمەد نەبەز، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لە ئاگادارکردنەوەی یەکەمدا، پێمڕاگەیێندرا کە سێ لە کارە ڤیدیۆ ئارتەکانم قبووڵکراون و بە بانگهێشتی فەرمی بەشدار دەبم."
سەبارەت بە هۆکاری بەشداریکردنی لە رێگەی ڤیدیۆ ئارتەوە، نەبەز ئاماژەی بەوە کرد: "لە رووی گواستنەوەوە ئاسانترە و هیچ تێچوو و خەرجییەکی ناوێت، لە رێگەی ڤیدیۆ ئارتەکانەوەش پەیامەکەم بەخێرایی دەگاتە شوێنی مەبەست." گوتیشی: "وەکو هونەرمەندێکی کورد، زۆر گرنگە کارەکانم بگەیەنم بە جیهانی دەرەوە. ئامانجم ئەوەیە هونەری هاوچەرخی کوردی بە ئاستێکی جیهانی پێشکەش بکەم."
لەبارەی ئەو سێ ڤیدیۆ ئارتەی بەشدارییان پێ دەکات، ئەحمەد نەبەز دەڵێت، هەر سێ ڤیدیۆکە تایبەتن و گوزارشت لە جیاوازی و چیرۆکی راستەقینە دەکەن، کە بە شێوازێکی هونەری دەگێڕدرێنەوە. جەختی لەوەش کردەوە کە بە ناسنامەی کورد و نوێنەرایەتیی کوردستان بەشداری دەکات و پەیامی سەرەکیی، ناساندنی هونەری هاوچەرخی کوردییە بە جیهان.
پێشانگەی "ئارتیاد" لە ساڵی 1996 دامەزراوە و ئامانجی کۆکردنەوەی هونەرمەندانی بەهرەمەندە لەسەر بنەمای کوالێتیی کاری هونەری. لەم پێشانگەیەدا لیژنەیەکی پسپۆڕی نێودەوڵەتی کارەکان هەڵدەبژێرن و ناسنامەی هونەرمەندەکان تاوەکو کۆتایی بە شاراوەیی دەهێڵنەوە. خولەکانی پێشووی ئەم پێشانگەیە لە ئەتڵانتا، ئەسینا و نیویۆرک بەڕێوەچوون.
ئەحمەد نەبەز، لە ساڵی 1986 لە هەولێر لەدایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە هونەر. ئەو وەکو هونەرمەندێکی هاوچەرخ و کۆڕاتۆری هونەر لە بوارەکانی نیگارکێشان، ئینستێلاسیۆن، نمایش، ڤیدیۆ، فۆتۆگرافی و هونەری دیجیتاڵی کار دەکات و لە کارەکانیدا بەدواداچوون بۆ تەوەری تووندوتیژی، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی بارودۆخی مرۆڤ دەکات. نەبەز لە ساڵی 2015 دا بە کارە هونەرییە دیجیتاڵییەکانی بە ناوی "وێرانکەرەکان" ناوبانگێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا.



