رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پراید بۆ نێو بەنداوی گاران لە سنووری مەریوان لە پارێزگای سنە، دوو ژنی خەڵکی نۆدشەی سنووری هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا.
محەممەد خالید رەزوانی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی مەریوان دەڵێ: "سەرنشینەکان دوو ژنی خەڵکی شاری نۆدشە بوون کە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پرایدەوە کەوتنە نێو بەنداوی گاران."
رەزوانی ئاماژەی بەوەش کرد: "دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەمان لە رووداوەکە، تیمی تایبەتی شارەوانیی مەریوان چوونە شوێنەکە و هەڵمەتی گەڕان و فریاگوزاری دەستیپێکرد."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی مەریوان، رووداوەکە دوێنێ روویداوە و تەرمی هەردوو ژنەکەش لەنێو ئاوەکە دەرهێندراوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەخوارەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە بۆ نێو بەنداوەکە روون نییە و لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستی پێکردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پۆلیسی رێگە و بانی پارێزگای سنە، ساڵی رابردوو 404 کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەکانی دەرەوەی شار و گوندەکان گیانیان لەدەستداوە.