رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پێشوازیی زۆری گەشتیاران لە سروشتی بەهاری پارێزگای سنە و زیادبوونی گەشتەکان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگاکە رایدەگەیێنێت کە سەرجەم شوێنەکانی مانەوە لە 5 شاری پارێزگاکەدا پڕ بوون.
رۆژی هەینی، 29ـی ئایاری 2026، پوویا تالیب نیا، بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کلتووری، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی پارێزگای سنە، بە میدیای فەرمیی ئێرانی رایگەیاند، بەهۆی ژمارەی زۆری ئەو گەشتیارانەی روویان لە پارێزگاکە کردووە، شوێنە فەرمییەکانی مانەوە وەک هۆتێل، میوانخانە، هۆتێل ئەپارتمان و ماڵە گەشتیارییەکان لە شارەکانی سنە، بانە، مەریوان، سەوڵاوا و کامیاران بە تەواوی پڕ بوون.
تالیب نیا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆخە و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی گونجاو، جیا لە شوێنە فەرمییەکان، ژمارەیەک کەمپی کاتی، قوتابخانە و هۆڵی وەرزشی بۆ مانەوەی کاتیی گەشتیاران ئامادە کراون. ئەو هۆکاری ئەم قەرەباڵخییەی بۆ کەشوهەوای گونجاو و سروشتی سەوزی ناوچەکە لە وەرزی بەهاردا گەڕاندەوە.
بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر ئەو شارانەی گەشتیارێکی زۆریان تێدایە، تالیب نیا گوتی: "شارەکانی قوروە، دێولان، بیجاڕ، سەقز و دیواندەرە وەک شاری جێگرەوە بۆ مانەوەی گەشتیاران دیاری کراون تاوەکو چیدیکە هیچ گەشتیارێک بێ شوێن نەمێنێتەوە."
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای سنە، لە رێککەوتی 16ی ئازاری 2026 تاوەکو کۆتایی رۆژی 29ی ئازاری 2026، زیاتر لە 73,000 کەس سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکەیان کردووە.